نوێنەری حکوومەتی هەرێم بەشداریی کۆبوونەوەی سندووقی هاریکاریی مەدادی کرد
د. دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەورووپا، لەمبارەوە ڕايگەیاند: "بەشداریمان لە کۆبووونەوەیەکی تایبەتی سندووقی هاریکاری مەداد بۆ پرسی پەنابەرانی سووری لە کۆمسیۆنی ئەورووپا کرد کەلە لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا و باڵیۆزی وڵاتانی دراوسێی سووریا تێدا بەشدار بوون".
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "لە کۆبوونەکەدا وتارێکمان پێشکەش کرد تیشکمان خستە سەر پرسی پەنابەرانی سووری لە هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەش کرا کە ئێستا 95%ی پەنابەرانی سووری لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر هەرێمی کوردستان زیاتر لە 350000 پەنابەری سەوری لەخۆ گرتبوو و لە دوای هاتنی شەپۆڵی نوێی پەنابەران لە سووریا تاکو ئێستا زیاتر لە 18000 کەسیان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە".
لە درێژەی وتارەکەیدا، د. دلاوەر ئاژگەیی داوای لە وڵاتانی ئەورووپا کردووە کە بەدەنگ هاوکاری و یارمەتیدانی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەوە بێن کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن کە ژمارەیان بە گشتی دەگاتە 1.5 ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ و پەنابەری سووری.
هاوکات باسی لە هەوڵ و پلان و ئامادەکاریەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ بەدەنگەوەهاتنی هەزارەها ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان. هەروەها پلانی ئامادەکراوی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەسەر سەرجەم وڵاتانی ئەندامی بەشدار لە کۆبوونەوەکە و کۆمسیۆنی ئەوروپا دابەش کرد کە بووە جێگەی سەرەنج و تێڕوانینی بەشداربووان.
ئەم کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی ئامادەکاری یەکێتی ئەوروپا دێت بۆ ساڵی داهاتوو 2020 وە بڕیارە لە پلانەکە گرنگی بە داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت و هاوکاری ئەو ئاوارەو پەنابەرانە بکرێت کە هەرێمی کوردستان لەخۆی گرتوون.
شایەنی باسە سندووقی هاریکاری مەداد بریتییە لە کۆکردنەوەی هاریکاری وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و کۆمسیۆنی ئەوروپا کە تایبەتە بە قەیرانەکانی سووریا و بە مەبەستی بەدەنگەوەهاتنی ئەو وڵاتانەیە کە ئاوارەی سووریان لە خۆگرتووە.
مەداد لە ساڵی 2015دا پێک هێنراووە لەو ماوەیەدا نزیکەی 1.5 ملیارد یۆرۆ هاریکاری کۆکردۆتەوە. مەداد لە ساڵانی ڕابردوودا چەند پرۆژەیەکی لە عێراقدا ئەنجامداوە کە زۆربەیان لە هەرێمی کوردستان بوون و بڕیارە پرۆژەی زیاتریش لە ئاییندە ئەنجام بدات.
باسنيوز
