بۆ ئەژماری خزمەتی توێژێكی مووچەخۆر بڕیارێكی گرنگ دەدرێت

 بۆ ئەژماری خزمەتی توێژێكی مووچەخۆر بڕیارێكی گرنگ دەدرێت
ئەو مامۆستا گرێبەستانەی بڕیاری دامەزراندنیان دراوە، ماوەی خزمەتیان بۆ ئەژمار دەكرێت. بەرپرسێكیش ئاشكرای دەكات، ماوەی خزمەت بۆ سەرمووچە و پلە بەرزكردنەوە و خانەنشینی ئەژمار دەكرێت.

لە كۆبوونەوەی 6ی 11ی 2019ی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بڕیار درا، سەرجەم مامۆستایانی گرێبەست، كە ژمارەیان 6 هەزار كەسە بكرێنە هەمیشەیی.

حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی كوردستان راگەیاند، خزمەتی گرێبەست ئەژمار دەكرێت، گوتی: «ئەو مامۆستا گرێبەستانەی فەرمانی دامەزراندنیان دەرچووە، خزمەتەكانیان بۆ خانەنشینی و سەرمووچە و پلەبەرزكردنەوە ئەژمار دەكرێت، تەنیا بۆ خانەنشینی نییە».

روونیشی كردەوە، كاتێك خزمەتەكە ئەژمار دەكرێت، ناونیشانیان بەرزتر دەبێتەوە و مووچەشیان زیاد دەبێت، گوتی: «وەكوو خزمەتی فیعلی، ئەو ماوەیەی گرێبەست بوونە بە خزمەت بۆیان ئەژمار دەكرێت، ئەوەش هەر مامۆستایەك دەگرێتەوە، كەوا فەرمانی بە هەمیشەییبوونی بۆ دەكرێت».

جەختیشی كردەوە، دوای ئەوەی نووسراویان بۆ دەكرێت بۆ ئەژماركردنی خزمەتیان، ئەوكات لێبڕینی خانەنشینیان بۆ دەكرێت، گوتیشی: «بۆ ئەوەی پارەی خانەنشینی، یان لێبڕینی خانەنشینی لەو كەسانە وەربگیرێت، ئەو كاتە بەگوێرەی بڕوانامەكەی پارەی لێ وەردەگیرێت، كە بۆ هەر مانگێك 9 هەزار و 800 دینار دەست پێدەكات، تا دەگاتە 30 هەزار دینار».

بۆ دەرچووی سەرەتایى 10 هەزار و 640 دینارە، بۆ خزمەتی هەر مانگێك ئامادەیی 16 هەزار و 600 دینارە، بۆ پەیمانگا 18 هەزار و 200 دینارە، بەكالۆریۆس 20 هەزار و 720 دینارە، بۆ ماستەر 26 هەزار و 180 دینارە، دكتۆرا 30 هەزار دینارە.

بەرپرسەكەی خانەنشینی رای گەیاند، بەپێی رێنمایی حكوومەت چەند ساڵێكە خزمەتی گرێبەست ئەژمار دەكرێت، ئەوەی بیەوێت خزمەتەكەی بخرێتە سەر وەزیفەكەی، دەبێت پارەی خانەنشینی بدات، گوتیشی: «هەر كەسێك پارەی لێبڕینی ماوەی خانەشینی نەدات، خزمەتەكەی بۆ ئەژمار ناكرێت، بۆیە دەبێت هەموو ئەوانەی گرێبەستن كە دەبنە هەمیشەیی ئەو بڕە پارەیە بدەن، كە بۆیان دیاری كراوە».

وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، بەپێی ڕێنمایی دارایی ژمارە 39، بڕیاری داوە ماوەی كاركردنی گرێبەست بخرێتە سەر خزمەتی وەزیفی.








باسنیوز
Top