لە سۆران یەک مانگ دەرفەت بە سەرپێچیكارانی سەر کارەبا دەدرێت
ئەندازیار فەیسەڵ حوسێن، بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سۆران، ڕايگەیاند: "ئاگاداری گشت هاووڵاتیانی سنووری هەر چوار قەزاكانی (سۆران، رواندوز، میرگەسۆر و چۆمان) دەكەینەوە، ئەوانەی كارەبای نیشتمانییان بە سەرپێچی راكێشاوە، یان تا ئێستا پێوەری كارەبایان لە ماڵەكانیان نەبەستووە، یان ناویان لە بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی كارەبای سۆران تۆمار نەكردووە، دەتوانن لە ئێستاوە تا كۆتایی مانگی 12 سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان بكەن، بۆ تەواوكردنی ریكارەكانی یاسایی بەبێ هیچ سزایەك".
گوتیشی: "ئەوە دەرفەتێكی باشە بۆ ئەم كەسانەی سەرپێچیان كردووەتە سەر كارەبا كە لەم مانگەدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی كارەبای سۆران بكەن، چونكە لە ڕێکەوتی 1-1-2020 تیمەكانی نەهێشتنی سەرپێچی كارەبا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگای هەولێر و یەكە ئیدارەییەكان سزای دارایی و یاسایی توندی سەرپێچیكاران دەدەن".
باسنيوز
