کەرکووک.. لە دانانی نرخی پارەی کارەبا جیاوازی دەکرێت
بەپێی زانیارییەكان ماوەی چوار مانگە ئیدارەی سەپێندراوی كەركووك، بە ئارەزووی خۆیان نرخی ئەمپێری مۆلیدە دادەنێن، بە شێوەیەك لە گەڕەكە كوردییەكان پارەی زیاتر بۆ هەر ئەمپێرێكی مۆلیدە دانراوە، بۆ نموونە لە گەڕەكەكانی (پەنجا عەلی، شۆراو، ئازادی، گورگە چاڵ) بڕی پێنج هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێكی مۆلیدە دانراوە، هەروەها بۆ گەڕەكەكانی سێكانیان و شەهیدان و سەربازی و رووناكی و شۆریجەش كە هەر گەڕەكی كوردین بڕی 4500 دینار دانراوە، بەڵام بۆ گەڕەكەكانی (تسعین و حەمزەلی و غەرناتە و رێگای بەغدا و مەنسور و یەكی ئادار و عەدەن و بەكلەر و حەدیدین بۆلاق و سەڵاحەدین) كە گەڕەكی عەرەب و توركماننشینن بڕی 3000 هەزار دینار دانراوە.
لەم بارەیەوە، سەڵاح رەشید، خاوەنی مۆلیدەیەكی ئەهلییە لە كەركوك رايگەیاند: "هەر مانگە و قایمقامی سەنتەری كەركووك، بە راوێژ لەگەڵ ئیدارەی پارێزگا، بە ئارەزووی خۆیان نرخی هەر ئەمپێرێكی مۆلیدە ئەهلییەكان دیاری دەكەن".
گوتیشی، لەم نێوەندەدا ئەگەر ئێمەش سكاڵایەكمان هەبێ وەكوو خاوەنی مۆلیدە ئەهلییەكان گوێمان لێ ناگرن، چونكە زۆر جار ئێمەش مافمان دەخورێت بەو جیاوازییەی كە لە نێوان گەڕەكەكانی شاری كەركووكدا دەكرێت بۆ دانانی نرخی هەر ئەمپێرێكی مۆلیدە ئەهلییەكان.
باسنيوز
