مەسرور بارزانی پەیامێکی لەبارەی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی داعش بۆ سەر کوڵەجۆ بڵاو کردەوە
لە پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەداخەوە باسی لە شەهیدبوونی بەڕێوەبەر و دوو کارمەندی ئاسایشی شارۆچکەی کوڵەجۆ و برینداربوونی چەند کارمەندێک لە ئەنجامی هێرشێکی تیرۆریستانی داعش کردووە.
هاوکات وێڕای سەرەخۆشیکردن لە کەسوکاری شەهیدان و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان، ئاشکرای کردووە: ”ئەم هێرشەی تیرۆریستانی داعش، نیشانی دەدات کە ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە هێشتا بە تەواوی تێکنەشکێنراوە و ئێمەش لەمبارەوە چەندین جار هۆشیاریمان داوە“.
مەسرور بارزانی بە پێویستی دەزانێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و کارکردن لە پێناو نەهێشتنی ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی سەرهەڵدان و چالاکبوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان .
ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:
پەیامێک لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە
بەداخەوە دوێنی شەو لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شارۆچکەی کوڵەجۆی سەر بە کفری ، بەڕێوەبەر و دوو کارمەندی ئاسایش شەهیدبوون و چەند کارمەندێکیش بریندار بوون.
پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدەکان دەکەم و هیوادارم خوای مەزن بە بەهەشتیان شاد بکات و هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم .
ئەم هێرشەی تیرۆریستانی داعش، نیشانی دەدات کە ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە هێشتا بە تەواوی تێکنەشکێنراوە و، ئێمەش لەمبارەوە چەندین جار هوشداریمان داوە . بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و ، کارکردن لە پێناو نەهێشتنی ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی سەرهەڵدان و چالاکبوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان .
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2019/11/30
باسنيوز
