ئەمڕۆ چوار ساڵ بەسەر تیرۆركردنی تاهیر ئێلچیدا تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ چوار ساڵ بەسەر تیرۆركردنی تاهیر ئێلچیدا تێدەپەڕێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٨ی١١ی ٢٠١٩، چوار ساڵ بەسەر تیرۆركردنی تاهیر ئێلچی، پارێزەر و نووسەر و سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی ئامەددا تێپەڕ دەبێت. ئامەد ئەو یادە بەرز دەنرخێنێت، بەڵام تاكوو ئێستا هیچ كەسێك بە تۆمەتی تیرۆركردنی ئەو پارێزەرە كوردە دەستگیر نەكراوە.

(كێ تاهیر ئێلچی كوشت؟) ئەمە ناونیشان و مانشێتی زۆربەی میدیاكانی توركیایە، جگە لە میدیای سەر بە ئاكەپە، بەڵام هیچ شڕۆڤەكار و رۆژنامەنووسێك بەڕاستی و بە بوێری نایڵێت كێ ئەو مرۆڤە بوێر و داكۆكیكارەی مافی مرۆڤی تیرۆر كردووە؟

ڕێکەوتی ٢٨ی١١ی٢٠١٥ و لە سەروبەندی شەڕی خەندەق لە باكووری كوردستان، لە ناوچەی سووری سەر بە ئامەد، گوللەیەكی وێڵ دەنرێتە سەری تاهیر ئێلچی و دەمودەست گیان لەدەست دەدات.

ئەوكات حكوومەتی توركیا پەكەكەی تۆمەتبار كرد بە كوشتنی و پەكەكەش توركیای تۆمەتبار كرد، بەڵام تاكوو ئێستا نەزانراوە ئەو گوللەیە لە كوێوە هات و بۆچی تاكوو ئێستا هیچ كەسێك دەستگیر نەكراوە؟

ئێلچی دوو هەفتە بەرلە تیرۆركردنی، بەشداریی بەرنامەیەكی سیاسی كرد لە كەناڵی تەلەڤزیۆنی (CNN)ی توركی و، لەوێدا گوتی پەكەكە تیرۆریست نییە.

هەر بۆ بەیانییەكەی داواكاری گشتی ئیستەنبۆڵ داوای لەسەر تۆمار كرد و راپێچی دادگا كرا. ئەگەرچی رۆژی دادگاییكردنەكەی دیاری كرا، بەڵام بەرلەوەی لە دادگا ئامادە بێت، كۆتاییان بە ژیانی هێنا.

بۆیە نووسەر و رۆژنامەنووسە كوردەكان، پێیان وایە توركیا تیرۆری كردووە، بەهۆی ئەوەی لەو بەرنامەیەدا پەكەكەی پێ تیرۆریست نەبووە.















باسنيوز
Top