"سەرۆکی هەرێم کاراکتەرێکی سەرەکییە لە ڕۆڵبینین و سەرکردایەتیکردنی پرۆسەی سیاسی"
دوێنێ، سێشەممە 26/11/2019، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی یاوەری سەردانی شاری سلێمانییان کرد و لەگەڵ بزووتنهوهی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆ بوونەوە و پاشان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا چەند پەیامیکی ڕاگەیاند، لە وەڵامى پرسیارى ڕۆژنامهواناندا ئامانجی سەردانەکەی بۆ سلێمانی خستە ڕوو و ڕایگەیاند: "لەگەڵ هەردوو جێگرانی سەرۆکی هەرێم هاتووین بۆ دووبارەکردنەوەی ئەو پەیامە، کە پێویستە هەموو لایەکمان پێکەوە کار بکەین بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان لە عێراق."
هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە دەڕواننە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ شاری سلێمانی و لەو بارەیەوە دەڵێن، سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەریمی کوردستان بەشێکە لەو هەوڵانەی کە پێشتر بۆ یەکڕیزی و تەباییی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان داویهتی و تەواوکەری کۆبوونەوەکانی پێشترە، کە هەر خۆی دەسپێشخەر بوو بۆ کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر میزی گفتوگۆ.
هیوا عەبدول، کە هاووڵاتییەکی شاری سلێمانییە، لە لێدوانێکدا گوتی: "سەردان و کۆبوونەوەکانی لایەنە سیاسییەکان دەرەنجامی سیاسەتی دیپلۆماسیهتی نەرمی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە و هەمیشە لە گشت پرسە چارەنوسسازەکاندا دەسپێشخەر بووە و کوردستانی بە ئاراستەی خۆشگوزەرانیدا بردووه."
میهرەبان حەسەن، دانیشتووی شاری سلێمانییە لە لێدوانێکدا گوتی: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا بۆ شاری سلێمانی پەیامێکی دڵخۆشکەری پێ بوو، کە ئاسۆیەکی گەش چاوەڕێی هەرێمی کوردستانە، ئەم پەیامە واتای جارێکی تر ژیانەوەیە بۆ ئێمەی هاووڵاتی و هەر ئەو ئاسۆیەش لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی چاوەڕوان دەکرێت."
نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سهبارهت به کۆبوونهوهکانی سهرۆکایهتیی ههرێم لهگهڵ لایهنه سیاسییهکان ڕایگهیاند: "ئهولهویهتی ئێمه ئهوهیه کۆدهنگییهک ڕێک بخەین له بهغدا پێکهوه هاوپهیمانیی کوردستانی پێک بێنین، چونکه ئهگهر ههرلایهنێک بۆخۆی بهتهنیا ئیش بکات، پارتی و گۆڕان و یهکێتی بهجیا، ناتوانین هیچ بهدهست بهێنین، بهڵام که کۆی دهکهیتهوه و ههموومان پێکهوه دهبین، دهبینین ژمارهیهکی باشمان دەبێ له پهرلهمانی عێراقدا، ئێستا یهکێک له ئهولهویاتی ئێمه له سهرۆکایهتیی ههرێم ئهوهیه که بتوانین ئهو هاوپهیمانیهتییه لە بەغدا پێک بێنین."
مەعرووف سەلاح، هاووڵاتیی دانیشتووی شاری سلێمانی لە لێدوانێکدا کوردستان گوتی: "ئەزموونی پێشووترمان بینیووە کە لایەنە سیاسییەکان ناکۆک بووبن ئەنجامێکی تەواو تۆکمەمان دەست نەکەوتووە، بەڵام پێکەوەبوونیان واتا بەهێزیی کوردستان و دەرچوون لە گشت ناڕەحەتییەکان، بۆیە ئەو هەنگاوانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنین و ئێمەی هاووڵاتیش پشتیوانی دەبین."
د.عومەر نوورەدینی، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی بواری زانستە سیاسییەکان، لە لێدوانێکدا کوردستان گوتی: "ئەم سەردان و دیدار و کۆبوونەوانە بایەخی سیاسی و کۆمەلایەتی و مێژوویییان هەبوو، لە ڕووی یاساییەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نوێنەری باڵای خەڵکی کوردستانە، یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی نەتەوەکەیەتی، کە بیپارێزێ و کامڵی بکات و پەرەی پێ بدات، بۆ هێنانەدیی ئەم ئامانجە و زیاتر بەهێزکردنی، بێشک ئەو سەردانە گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە، چونکە ئەو پارت و لایەنە سیاسییانە کارەکتەرێکی سەرەکین لە ژیانی سیاسیدا و ڕۆڵیان هەیە لە ڕووی پێگەیاندن و كۆمهڵایهتی و سیاسیی ناوچەکەوە، بۆیە ئەگەر جۆرێک لە گرژی و کێشە لە نێوانی پارتی سەرەکیدا هەبێ و جەنابی سەرۆک بتوانێ ئەم گرێکوێرەیە خاو بکاتەوە، بیگومان لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیش کاریگەریی ئەرێنیی دەبێت، چونکە وێنایەکی باش و کاریگەر دەداتە وڵاتانی نێودەوڵەتی، کە سەرۆکی هەرێم دەیەوێ لەسەر ئاستی ناوخۆ یەكگرتووییی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بەهێز بکات."
نوورەدینی گوتیشی: "سەرۆکی هەرێم کاراکتەرێکی سەرەکییە لە ڕۆڵبینین و سەرکردایەتیکردنی پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق، بۆیە ئەو لەناو ڕووداوەکاندایە و داتاکانی لە لایە و بۆچوونی دهستهبژێری سیاسی لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانێت، بۆیە ئەم هەڵوێستانەی ئەو پشتئەستوورن بەوەی کە ئەو بیروبۆچوونی لایەنەکانی دیکە دەزانێ و خەمڵاندنێکی بێبنەما نییە، دەشبینێن کە پێشهاتەکان ئەوەمان پێشان دەدەن، کە ئاسۆی ئایندەی گەلی کوردستان و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان گەش دەبێت."
