هاووڵاتییانی هەولێر دڵخۆشن بە یەکگوتاریی حزبە سیاسییەکان

هاووڵاتییانی هەولێر دڵخۆشن بە یەکگوتاریی حزبە سیاسییەکان
سەرۆکی ھەرێم لە درێژەی سەردانەکانیدا بۆ لای لایەنە سیاسییەکان، ئەمڕۆ سەردانی ھەریەکە لە کۆمەڵی ئیسلامی و پارتی دیموکراتی کوردستانی لە ھەولێر کرد. ھاووڵاتییانیش پێیان وایە، سەردانی لایەنەکان ‌لەم کات و ساتانەدا بۆ ناوچەکە و کوردستان زۆر گرنگە.

بە ئامانجی یەکدەنگیی لایەنەکانی ھەرێمی کوردستان و ھەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی یەکێتی و گۆڕان، ڕۆژی سێشەممە، ٢٦ی١١ی٢٠١٩، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، سەردانی سلێمانیی کرد و بەجیا لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کۆ بووەوە.

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان لە سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٧ی١١ی٢٠١٩، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە ھەولێر سەردانی کۆمەڵی ئیسلامی و پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد. مەبەستی سەردانەکەش، بۆ باسکردن و بیروڕاگۆڕینەوەیە لەسەر بارودۆخی ھەرێم و بەغدا و لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکانی ھەرێم لە یەکدی.

لەم بارەیەشەوە، ھاووڵاتییان سەرنجی خۆیان دەخەنە ڕوو و پێیان وایە، ئەم سەردانانەی سەرۆکی ھەرێم دەبێتە ھۆی ئاشتەوایی و چارەکردنی کێشەکانی نێوماڵی کورد و یەکدەنگیی کورد لە بەغدا.

مامۆستا ھۆشیار خالیدی ڕاگەیاند: "دڵخۆشم بەم سەردانانەی سەرۆکی ھەرێم بۆ لای لایەنە سیاسییەکان، چونکە لەم بارودۆخەی ئێستادا وا پێویست دەکات ھەموو لایەنەکان ھاوھەڵوێست و یەکگوتار بن، ئەمەش ھەم بۆ نێوخۆمان گرنگە، ھەمیش بۆ بارودۆخمان لە بەغدا."

ئەو مامۆستایە پێشی وایە: "ئەم سەردانانەی سەرۆکی ھەرێم بۆ لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکانە، کە ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی سەرۆکایەتیی ھەرێم ببێتە چەترێک بۆ ھەموو لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان."

ھاوکات مستەفا شێزراد، ھاووڵاتییەکی کاسبکاری ھەولێرە ڕاگەیاند: "ھەرکات لایەنەکان پێکەوە ھاوپەیمان بن، سوود بە ئێمە دەگەیەنێت، بەڵام کاتێک ناتەبا بن، زەرەرمەندی یەکەم ھاووڵاتیانن، بۆیە ئەم ھەوڵەی نێچیرڤان بارزانی بەرز دەنرخێنم و پێشم وایە بەم ھەنگاوانەی دڵی ھاووڵاتیانی ھەرێمەکەی خۆشتر دەکات."

ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات: "ھەرکاتێک ھەرێم و بەغدا ڕێک بکەون، یاخود حزبەکانی ھەرێم ھاوپەیمان بن، بژێوی کاسبکاران باشتر دەبێت و دۆخی بازاڕی ھەرێمیش دەبووژێتەوە."

لە لایەکی تریشەوە، ئەیوب یوسف، ھاووڵاتییەکی شاری ھەولێر، جەخت لە ھەنگاوەکانی سەرۆکی ھەرێم دەکاتەوە و، بەتایبەت چوونی بۆ بەغدا بە ھەنگاوی گرنگ دەزانێت بۆ ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا، ھاوکاتیش سەردانی حزب و لایەنە سیاسییەکان و چوونی بۆ سلێمانی ‌لەم کات و ساتانەدا بۆ ناوچەکە و کوردستان زۆر بە گرنگ دادەنێت.

جێی ئاماژەشە، ئامانجی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ حزبەکان یەکخستنی ھەڵوێستی ھەرێمی کوردستانە لە بەرانبەر گۆڕانکاری و ڕووداوەکانی عێراق و ناوچەکەدا، ھەروەھا تاوتوێکردنی دوایین کۆبوونەوەی لایەنەکانی عێراق کە ١٨ی ئەم مانگە لە بەغدا لە ماڵی عەممار حەکیم بەڕێوە چوو.
Top