نێچیرڤان بارزانی: ئەولەویەتمان ئەوەیە لە بەغدا کۆدەنگی و هاوپەیمانییەکی کوردستانی دروست بکەین

نێچیرڤان بارزانی: ئەولەویەتمان ئەوەیە لە بەغدا کۆدەنگی و هاوپەیمانییەکی کوردستانی دروست بکەین
ئەمڕۆ سێشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای سەردانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لە سلێمانی، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاشکرای کرد هەموو ئەولەویەتمان ئەوەیە لە بەغدا کۆدەنگی و هاوپەیمانییەکی کوردستانی دروست بکەین.

لەمبارەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "دوای ئەوە کۆبوونەوەی لە سەرۆکایەتیی هەرێم ئەنجاممان دا، بڕیارمان دا لەگەڵ هەردوو جێگرەکان سەردانی حزبەکان بکەین و ئەمڕۆ سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانین کرد و پاشان سەردانی لایەنەکانی دیکەش دەکەین و ئەولەویەتی یەکەممان ئەوەیە ئێمە کۆدەنگی و هاوپیەمانییەکی کوردستانی لە بەغدا دروست بکەین، چونکە ئەگەر هەر لایەنێک بەتەنیا بۆ خۆی کار بکات، ئێمە ناتوانین هیچ دەسکەوتێک بەدەست بێنین".

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەگەر هەموومان پێکەوە بین، دەبینین ژمارەیەکی باشمان لە پەرلەمانی عێراق هەیە و یەکێک لە ئەولەویاتی سەرەکیمان ئەوەیە بتوانین ئەو هاوپەیمانێتییە لە بەغدا درەست بکەین".

لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێوە دەبینین پەیوەندییەکنمان باشن و شاندی ئێمە دوو جار سەردانی بەغدایان کردووە و هەفتەی داهاتووش دیسان جارێکی دیکە سەردانی بەغدا دەکەن و مەبەستەکە ئەوەیە ئێمە بگەینە ڕێککەوتنێک لەسەر پرسی نەوت و بودجەی عێراق و بۆ ئەو مەبەستەش دیسانەوە شاندی هەرێم دیسانەوە دەچنەوە بەغدا و هەتا ئیستا کۆبوونەوەکان باش بەڕێوە چوون و ئومێێک هەیە کە ئێمە بتوانین لەو گفتوگۆیانە کە ئیستا لەگەڵ بەغدا هەمانە بگەینە ئەنجامێک".

لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان گوتی: "لەلایەکی دیکەشەوە ئێمە بەردەوامین لەگەڵ بەغدا بۆ یارمەتیدانیاین بۆ ئەوەی لەم قۆناغە سەختەی کە ئێستا عێراق بە شێوەیەکی گشتی تێی کەوتووە و کاریگەریی لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان هاووڵاتییانی هەرێمیش هەیە، دەربازیان بێت و پەیامی ئێمە ئەوەیە ئێمە یارمەتیدەری عێراق دەبین بۆ دەربازبوون لەو دۆخە".

لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان سەرۆکی هەرێم ڕای گەیاند: "خەڵکی هەرێمی کوردستان لەم چەند ساڵەدا زۆر تەحەمولیان کرد و چەند جارێکی دیکە ئەمەم گوتووە و ئێستاش بە دەرفەتی دەزانم دووبارەی بکەمەوە کە ئەگەر تێگەیشتنی هاووڵاتییانی ەهرێمی کوردستان نەبوایە، دۆخی هەرێم بەو شێوەیەی کە ئێستا هەیە، بەڕێوە نەدەچوو، بۆیە ئێمە یەکەم شت سوپاسیان دەکەین و هەوڵی هەموو لایەک، سەرۆکایەتی هەرێم و حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکوومەت و ئەمن و هەر هەموومان ئەوەیە کە ئێمە بتوانین ئێمە لەم دۆخە دەرچین و هیوادارم بتوانین ئایندەیەکی گەشتر بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکەین کە من خۆم بەوە گەشبینم کە لە ئەنجامی تەحەمول و تێگەیشتنیان، هیوادارام ئاسۆیەکی باش چاوەڕێی هەرێمی کوردستان دەکات."

دەربارەی ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ڕای گەیاند: "ئێستا شاندی ھەرێم لە بەغدایە بۆ ئەوەی بگەن بە دەرەنجامێک پێشتر لەسەر نەوت گفتوگۆ کراوە، ھەفتەی داھاتووش لەسەر پرسی بودجەی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکرێت".

ئاماژەی بەوەش دا: "کۆبوونەوەی شاندی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا بەکارێکی باشی دەزانین و ئێمە گەشبینین بەوەی کە بگەین بە ئەنجامێک".













باسنيوز
Top