رۆژنامەنووسێكی كورد لە ئەنقەرە دەستگیر كرا
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٦ی١١ی٢٠١٩ پۆلیسی ئەقەرە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بێریڤان ئاڵتان، پەیامنێری ئاژانسی (میزۆپۆتامیا) و دوای ئەوەی ماڵەكەی دەپشكنن، خۆشی دەستگیر دەكەن.
ماڵپەڕی (T24)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، بێریڤان ئاڵتان لەسەر داوای دادگای ٣ی تاوانەكانی مێرسین دەستگیر كراوە، بۆیە دوای دەستگیركردنی رەوانەی مێرسین كراوە.
هەر بە گوێرەی زانیارییەكانی ماڵپەڕی ناوبراو، دادگا رێگەی نەداوە بۆ ٢٤ کاتژمێر پارێزەری بێریڤان بیبینێت و هەموو بینینێكیشی لێ قەدەغە كردووە.
چەند ماڵپەڕێكی توركیش ئاشكرای دەكەن، كە ئەو تۆمەتی دراوەتە پاڵ بێریڤان، پڕوپاگندەیە بۆ پەكەكە، هەروەها كاركردنە بۆ بەرژەوەندیی پەكەكە.
باسنيوز
