حكوومەت لەسەر دۆسێی هەندێك لە فەرمانبەران بڕیار دەدا

 حكوومەت لەسەر دۆسێی هەندێك لە فەرمانبەران بڕیار دەدا
بەپێی نووسراوێكی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان، كە لە 11ی 11ی 2019 دەرچووە، ئاماژە بەو فەرمانبەرانە كراوە، كە دۆسێكانیان ون بووە.

ئەنجومەنی وەزیران داوای لە سەرجەم فەرمانگە و وەزارەتەكان كردووە: «بە لیستێك زانیاریی تەواو لەسەر پوختەی راژەی ئەو فەرمانبەرانەی كە میلاكن و پێشووتر دۆسێكنیان ون بووە، یان فەوەتاوە، بۆمان رەوانە بكەن».

ئەوەش خراوەتە ڕوو، ئەوان كاری پێیوست لەسەر ئەو بابەتە دەكەن.

پوختەی راژە زانیاریی تەواوی فەرمانبەر لەخۆ دەگرێت، لەبارەی كاتی دامەزراندن و بڕوانامە و ناونیشان و مووچە و خزمەتەكەی.

زۆر لە فەرمانبەران، بەتایبەت لە ساڵانی پێشوودا بەهۆی شۆرتی كارەبا، یان بەهۆی لافاو، یان بە هۆكاری جیاجیا (دۆسێى كەسی)يان فەوتاوە، كە لەنێو دۆسێكانیشیان هەموو ئەو فەرمانە ئیدارییانە هەیە، كە تایبەتن بە دامەزراندن و گۆڕینی ناونیشان و مووچە و چەند بابەتێكی تر.

پێشووتر لە نووسراوێكدا وەزارەتی دارایی ئەوەی بۆ هەندێك فەرمانگە روون كردبووەوە، كە بەهۆی لافاوی ساڵی 2006 ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەر دۆسێكانیان فەوتاوە، كە نزیكەی 6 هەزار فەرمانبەرن.
یاسین عەبدولواحید، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی دارایی راگەیاند: «ژمارەیەکی زۆر لە فەرمانبەران كێشەی ونبوونی دۆسێ، یان فەوتان، یان كەمیی پەڕاو و زانیاریی پێویستیان هەیە و بڕیارە ئەنجومەنی وەزیران چارەسەری ئەو كێشەیە بكا».
جەختیشی كردەوە، پوختەی راژەی ئەو فەرمانبەرانەی دۆسێكانیان فەوتاوە، یان كێشەی تێدایە، پشت دەبەستێت بە فەرمانی دامەزاندن و دەستبەكاربوون و یەكەمین بڕوانامەی دامەزراندنیان، گوتیشی: «دۆسێی فەرمانبەر، یەكێكە لە بابەتە گرنگەكان، ئەگەر كێشەی تێدا بێت، ئەوە دواتر كێشە بۆ خانەنشینیی فەرمانبەریش دروست دەكات».
پێشووتر بە نووسراوێك سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان ئەوەی ئاشكرا كردبوو، لە ئەنجامی بەدواچوونی تیمەكانی چاودێریی دارایی، بۆیان دەركەوتووە بەشێکی دۆسێی كەسیی فەرمانبەران كەموكوڕیی زۆری هەیە.
دیوانی چاودێریی دارایی داوای لە ئەنجومەنی وەزیران كردووە، لە فەرمانگەكان لیژنەیەكی شارەزا پێك بهێندرێت، بۆ چارەسەركردنی كەموكوڕیی دۆسێی فەرمانبەران.
هەروەها جەختی كردووەتەوە، نابێت بڕوانامەی فەرمانبەران لە دۆسێكان كۆپی بێت و دەبێت وێنەی رەسەنی بڕوانامەكان هەبێت.
Top