ئەندام پەرلەمانێکی هەدەپە: ئەردۆغان رێگەی لە ئازادکردنی دەمیرتاش گرت
ئەندام پەرلەمانێكی هەدەپە، لەناو پەرلەمانی توركیا باس لە چەند راستییەكی پشت پەردەی ئازادنەكردنی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە كرد. مەراڵ دانش بێشتاش، دەڵێت چەند سەعاتێكی مابوو خۆی و فیگەن یوكسەكداغ ئازاد بكرێن، بەڵام رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا تەلەفۆنی كردووە کە و گوتی دووبارە زیندانیان بكەنەوە.
مەراڵ دانش بێشتاش، ئەندام پەرلەمانی هەدەپە لەسەر بازنەی شاری سێرت، لەناو پەرلەمانی توركیا لەبارەی بودجەی ٢٠٢٠ی توركیا قسەی كرد و پاشان لەبارەی ئازادنەكردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ هاوسەرۆكانی پێشووی هەدەپە چەند راستییەكی ئاشكرا كردووە.
مەراڵ گوتی: "سەلاحەدین دەمیرتاش ٣ جار لەلایەن دادگای باڵای توركیاوە ئازاد كرا، هەروەها فیگەن یوكسەكداغیش بە هەمان شێوە. چەند سەعاتێكی مابوو تا دەمیرتاش و فیگەن ئازاد بكرێن، بەڵام لەسەر داوای ئەردۆغان بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ دەرچوەوە، كە ئەمەش لە هیچ شوێنێكی دنیا نموونەی نییە. سەرۆكی دادگا بەبێ ئەوەی سەیری پارێزەرەكان بكات دادگای بەجێ هێشت، چونكە ناكرێت تۆ چەند سەعاتێك بمێنێت بۆ ئازادكردنی كەسێك، كەچی لە هەمان سەعاتدا دووبارە دادگایی بكەیتەوە و زیندانی بكەیت".
ئەو ئەندام پەرلەمانەی هەدەپە ئاماژە دەدات، كە ئێستا دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ وەكوو بارمتە ڕاگیراون لە زیندان، چونكە دادگا بڕیاری ئازادكردنیانی داوە، كەچی لەسەر داوای سەرۆك كۆمار و بەبێ بنەمای یاسا دەستگیر كراونەتەوە.
ئەو نموونە بە سری سوورەیا ئۆندەر دەهێنێتەوە، كە دادگای دەستووری توركیا لە بەرژەوەندیی ئەو بڕیاری دەركرد، بەڵام كاتێك دەمیرتاشیش سەردانی ئەو دادگایەی كرد و داوای یاسایی تۆمار كردوە، كەچی تاكوو ئێستا وەڵامیان نەداوەتەوە.
باسنیوز
