دیوانی چاودێریی دارایی داوا دەکات پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران وەگەڕ بکەوێتەوە
ئەو راپۆرتەی چاودێریی دارایی، لە كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان خراوەتە ڕوو، لیژنەكە بڕیاری داوە پشتیوانیی راپۆرتەكە بكات.
لە ساڵی 2016وە پلەبەرزکرنەوەی فەرمانبەران ڕاگیراوە، لە حاڵی دەستپێکردنەوەیدا نزیکەی 680 هەزار فەرمانبەر پلەکانیان بەرز دەکرێتەوە و مووچەیان زیاد و ناونیشانیان دەگۆڕدرێت.
بەهجەت عەلی سپینداری، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان راگەیاند، لیژنەی دارایی پاڵپشتیی كردووە لە راپۆرتێكی دیوانی چاودێریی دارایی، بۆ ئەوەی چیتر پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران رانەگیرێت، گوتی: «لە ساڵی 2016وە پلەبەرزكردنەوە راگیراوە، پشتگیریی ئەوە دەكەین پلەبەرزكردنەوە چیتر رانەگیرێت، بۆ ئەوەش لەگەڵ حكوومەت لەسەر خەتین».
خالید هادی چاوشلی، سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی راگەیاند، راپۆرتەكە تێروتەسەلە و پەیوەستە بە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران، گوتی: «بەپێی یاسای خزمەتی شارستانی، نابێت پلەبەرزكردنەوە رابگیرێت، دەبێت هەر فەرمانبەرێك كاتێك شایستەی پلەبەرزكردنەوە بوو، بۆی بكرێت، بەڵام ئەو 4 ساڵە راگیراوە».
ئاماژەی بەوەش دا، هەموو راپۆرت و نووسراوەكانیان بۆ ئەوەن پلە بەرزكردنەوە بكرێتەوە.
بەپێی یاسا فەرمانبەران لە 4 بۆ 5 ساڵ جارێك، پلە و ناونیشانیان دەگۆڕدرێت و مووچەكانیشان زیاد دەبێت.
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی راگەیاند، نووسراوێكيان بۆ ئەنجومەنی وەزیران كردووە، بۆ دەستپێكردنەوەی پلە بەرزكردنەوە، گوتی: “ئەنجومەنی وەزیران بۆچوونی ئێمەیان لەسەر پلەبەرزكردنەوە وەرگرتووە، ئێمەش پێمان راگەیاندوون، لەگەڵ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەداین، چونكە كێشەی زۆری یاسایی و كارگێڕیی بۆ دروست كردووین».
جەختیشی كردەوە، پلەبەرزكردنەوەی مافێكی یاسایی فەرمانبەرانە، گوتیشی: «كاتی خۆی راگرتنی پلەبەرزكردنەوە بڕیارێكی هەڵە بوو، پلەبەرزكردنەوەی راگیراوە، بەڵام نەتواندراوە خانەنشینبوون رابگیرێت، بۆیە كە خانەنشینبوون بەردەوامە، دەبوو پلەبەرزكردنەوەش بەردەوام بوایە، ئێستا زیاتر لە سێ بەشی فەرمانبەران مافی پلەبەرزكردنەوەیەك یان دوو پلەبەرزكردنەوەیان هەیە».
باسنيوز
