وردەکارییەکانی رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەبارەی بودجە
رێککەوتنی سەرەتایی بەمشێوەیەیە:
ھەرێمی کوردستان رۆژانە 250 ھەزار بەرمیل نەوت دەداتە بەغدا و لەبەرامبەردا شایستە داراییەکانی پێدەدرێت بۆ داخوازییەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستانیش ھەفتەی داھاتوو گفتوگۆکاکان بەردەوامدەبن تاوەکو گەیشتنە رێککەوتن.
دوای کۆبوونەوەکەش نووری دلێمی، وەزیر پلاندانانی عێراق رایگەیاند "رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان کراوە و لە سەرەتای ساڵی 2020ـەوە رێککەوتنەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند "هەموو خاڵە سەرەکییەکان باسکران کە یاسای بودجەی فیدراڵی 2020 لەسەریان بونیاد دەنرێت، یەکێک لەخاڵە گرنگەکان رێكکەوتنی نەوتییە کە یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکان. ئێستا رێککەوتنی مەبدەئی کراوە و پێموایە پشتیوان بەخوا رێککەوتنی کۆتاییە، کە لەسەر ئەو بنچینەیە هەرێمی کوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لە 1-1-2020ـەوە رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی - سۆمۆ دەکات بۆئەوەی لە بەندەری جەیهانەوە لە تورکیا لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست هەناردەی بکات".
هاوکات فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی عێراق لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند "کۆبوونەوەکە دووبەش بوو، بەشێکی باسی پرۆژەیاسای بودجە کرا کە دەربارەی هەموو عێراقە، بەشێکیش پەیوەندی هەبوو بە بەشی هەرێم لەنێو بودجەی عێراق، لەو بەشەی کە پەیوەندی هەبوو بە هەرێمی کوردستانەوە، بابەتی داهات و خەرجی هەرێم باسکرا، هەروەها گرنگیدرا بە دانوستاندن لەسەر بابەتی نەوت".
بەپێی رێککەوتنەکە نوێنەری هەرێمی کوردستان لەکاتی دانانی رەشنووسی بودجە لە هەفتەی داهاتوو بەشداردەبێت، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانیش رایگەیاند "ئەمە بۆ یەکەمجارە شاندی هەرێمی کوردستان لەکاتی دانانی بودجە لەناو وەزارەتی دارایی ئامادە دەبێت، هێشتا بودجەکە لە وەزارەتی دارایی ماوەتەوە و نەچووەتە ئەنجوومەنی وەزیران. ئێمە هەوڵدەدەین لێکتێگەیشتنی کۆنکریتی بۆ ئەم بابەتانە هەبێت، پێشموایە بگەینە دەرئەنجام".
لەبارەی ئەو بابەتانەی لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە، ئومێد سەباح گوتی "لەسەر بابەتی بەگەڕخستنی نێوخۆیی و حەقدەستی کۆمپانیاکان قسە کراوە و لێکتێگەیشتنی باش هەیە لەنێوان وەزارەتی نەوت و شاندی هەرێمی کوردستان، هەروەها لێکتێگەیشتنی باشتریش هەیە لەنێوان وەزارەتی دارایی و شاندی هەرێمی کوردستان".
هاوکات خالید شوانی، وەزیری هەرێم راسپێردراو بۆ کاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا گوتی "ئێمە تێڕوانینەکانی خۆمان سەبارەت بە یاسای بودجەی 2020 بە لایەنی عێراقی گەیاند، ئەوانیش تێڕوانینی خۆیان و وەڵامیان بۆ داواکارییەکانی ئێمە هەبوو، چەند پرۆژەیەکمان پێشکەشکردن سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و بودجەی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و بودجەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان".
