بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر: بۆریە شکاوەکەی ئاوی ئیفراز بەتەواوی چاککرایەوە

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر: بۆریە شکاوەکەی ئاوی ئیفراز بەتەواوی چاککرایەوە
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر رایدەگەیێنێت، بۆریە شکاوەکەی پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ لە هەولێر بەتەواوی چاککرایەوە، ئەو گەڕەکانەی ئاویان بڕابوو لە چەند کاژێری داهاتوودا كێشەی بێئاویان نامێنێت.

ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر راگەیاند: "بۆری سەرەکی هەزار و 500 ملیمە شکاوەکەی پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ لەلایەن تیمەکانمانەوە بەتەواوی چاککرایەوە. پرۆژەکە لە دوێنێ ئێوارەوە دەستی بەکار کردەوە. لە دووی بەرەبەیانی ئەمڕۆ (25-11-2019)ـەوە بەتەواوی کەوتووەتەوە کار و ئاو بۆ چەند گەڕەکێکی هەولێر گەڕاوەتەوە، ئەو گەڕەکانەشی ئاویان بڕاوە لە چەند کاژێری داهاتوودا كێشەی بێئاوییان نامێنێت".

رۆژی شەممە 23-11-2019 بۆری سەرەکی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ لەنێوان رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر - عەینکاوە شکا. بۆرییەکە بەنزیک شەقامی سەرەکی تێدەپەڕێت و بەهۆی شکانیەوە گەڕەکەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی هەولێر وەکو هەولێری نوێ، حەسارۆک، قەرەبوو، راپەڕین، گوڵان و فەرمانبەران تاوەکو ئیسکان تووشی کێشەی کەمئاوی و بڕانی ئاو ببوون.
Top