جەبار یاوەر: بەغدا یەك دیناری مووچەی پێشمەرگەی نەناردووە

جەبار یاوەر: بەغدا یەك دیناری مووچەی پێشمەرگەی نەناردووە
خەریكە ساڵ تەواو دەبێت، بەڵام هێشتا بەغدا مووچەی پێشمەرگەی نەناردووە، كە دەبوو بەپێی یاسای بودجەی عێراق مانگانە 68 ملیار دینار بنێرێت، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت "لەبارەی ناردنی مووچەی پێشمەرگە، نزیكەی 10 نووسراومان بۆ بەغدا ناردوون، بەڵام هێشتا بەغدا یەك دیناریشی نەناردووە".

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان راگەیاند، تاوەكوئێستا كە خەریكە ساڵ تەواو دەبێت بەغدا یەك دیناری مووچەی پێشمەرگەی نەناردووە ‌و گوتی "لە كاتێكدا بەپێی یاسای بودجەی 2019، دەبوو عێراق مانگانە 68 ملیار دینار بۆ مووچەی پێشمەرگە بنێرێت".

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان ئەوەش دەخاتەڕوو، هیچ كاتێك لە ئاست نەناردنی ئەو مووچەیە بێدەنگ نەبوون و داوای هەر 12 مانگەكەی ئەو مووچەیە دەكەن كە دەكاتە 816 ملیار دینار.

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان باسی لەوەشكرد، ئەو مووچەیەی بەغدا مانگانە بۆ پێشمەرگەی داناوە بەشی نیوەی مووچەی پێشمەرگە ناكات، "مانگانە نزیكەی 140ملیار دینارمان بۆ مووچەی پێشمەرگە پێویستە، ئەگەر بەغدا 68ملیار دیناری مانگانەش بنێرێت، ناكاتە نیوەی مووچەکە".

بەپێی یاسای بودجەی 2019ـی عێراق، بۆ مووچەی فەرمانبەران بەغدا مانگانە 453 ملیار دینار دەنێرێتە هەرێمی كوردستان، بڕیاربوو لەگەڵ ئەو پارەیەدا مانگانە بڕی 68 ملیار دیناریش بۆ مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە بنێرێت.
Top