دیندار زێباری: هەرێمی کوردستان بۆ بونیادنانی کۆمەڵگایەکی یەکسان هەنگاوی زۆری ناوە
لەم بارەوە د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی زۆر نراوە لە بواری پاراستنی مافەکانی ئافرەتان، بەتایبەتی یاسای نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی کوردستان ژمارە (٨) ی ساڵی 2011 کە تا ئێستا لە زۆر لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش بەم شێوەیە یاسایەک دەرنەچووە بۆ پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی، جگە لەمە چەندین یاسا هەموار کراونەتەوە، رێنمایی تایبەت دەرچوون کە هەموویان لە بەرژەوەندیی ئافرەتاندان، هەروەها ئافرەتان بەشدارییەکی کارایان هەبووە لە کایە سیاسییەکان وەک پەرلەمان و حکوومەت، بۆ نموونە لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دوو ئافرەت هەیە ئەوانیش سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان، هەروەها لە حکوومەتیشدا سێ ئافرەت پۆستی وەزیریان پێ سپێردراوە، لەلایەکی دیکەوە (30) دادوەری سزادان و (56) داواکاری گشتی و (31) دادوەری پێداچوونەوە و (94) لێکۆڵەری دادی و (289) یاریدەدەری لێکۆڵەری دادی لە هەرێمی کوردستان ئافرەتن، جگە لە مانە بە دەیان رێکخراو و دەزگای تایبەت بە بەرگریکردن لە ئافرەتان بوونیان هەیە".
لەبارەی خزمەتگوزارییەکانی بواری تەندروستی کە پەیوەندییان بە ئافرەتانەوە هەیە، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "حکوومەتی هەرێم ستراتیژیەتی تەندروستی دایک و منداڵی پەسەند کردووە لەڕێگای پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بەتایبەتی بۆ ئافرەتانی دووگیان بە خۆڕایی لە رێگای بنکە تەندروستییەکانەوە کە ژمارەیان (٢٣٨) بنکەیە، هەروەها لە رێگای (٧) نەخۆشخانەی تایبەت بە دایکان و لەدایکبوون و بەشەکانی لەدایکبوون لە نەخۆشخانە گشتییەکان و (٢٠) یەکەی تەندروستی، ئەمە سەرەڕای دەیان نەخۆشخانەی کەرتی تایبەت، لەلایەکی دیکەوە چەندین سەنتەری تەندروستی کراونەتەوە بۆ نموونە (16) سەنتەری تایبەت بە وشیارکردنەوە دەربارەی هاوسەرگیری و ئەنجامدانی پشکنینی پێویست پێش هاوسەرگیری بەتایبەتی پشکنینەکانی هەوکردنی جگەر و تالاسیمیا و ئایدز چەند نەخۆشییەکی دیکە و (٣) سەنتەری ئاشکرا کردنی زووی شێرپەنجەی مەمک و (١٢) سەنتەری پزیشکی بۆ ئەو ئافرەتانەی رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.
دیندار زێباری لە میانەی لێدوانەکەیدا تیشکی خستە سەر بوونی ئافرەتانی کورد لە بواری راگەیاندن و پۆلیس و وتی : ئێستا لە کوردستان زیاتر لە (١٥٠٠) ئافرەت ئەندامی کار و بەشداری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانن، هەروەها (١٣) ئافرەت خاوەن ئیمتیاز و (١٧) یان سەرنووسەرن، هەروەها لیژنەیەک لە ئەنجومەنی سەندیکا دامەزراوە بۆ داکۆکی کردن لە مافی ئافرەتانی رۆژنامەنووس، سەبارەت بە کەرتی پۆلیسیش لە میلاکی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پۆلیسی هەرێم (٨٨٢) ئافرەت هەیە لە ئەفسەر و کارمەند و فەرمانبەرن، تەنیا لە میلاکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەکانی (٢٥٢٢) ئافرەت هەیە، وێڕای هەزارانی دیکە لە ریزەکانی پێشمەرگە بە پلەی جۆراوجۆر.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی ئاماژەی بە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا کرد و وتی: حکومەتی هەرێم چەندین هەنگاوی ناوە بۆ رێگاگرتن لە دوورکەوتنەوەی ئافرەتان لە خوێندن لەوانە: نەهێشتنی نەخوێندەواری کە (55،4%) ئافرەتان سوودیان لێی بینیوە، خوێندنی خێرا کە تەنیا لە ساڵی ٢٠١٦ زیاتر لە (٢٥٠٦) ئافرەت لێی سوودمەندبوو، زیادبوونی ژمارەی قوتابخانەی تایبەت بە کچان، لە پێنج ساڵی رابردوو رێژەی کچان لە قۆناغەکانی خوێندن بەم شێوەیە بوو: باخچەی منداڵان (50%)، بنەڕەتی(47%)، ئامادەیی (51%)، پیشەیی (36%) ،پەیمانگا (31%) و خوێندنی خێرا (29%).، لە لایەکی دیکەوە ژمارەی مامۆستا و قوتابیانی رەگەزی مێینە بەم شێوەیە بوو: (922648) قوتابی واتە بە ڕێژەی (51.72%)ی کۆی قوتابیان و (73،769) مامۆستا بە رێژەی(57.70 %) ی کۆی مامۆستایان، هەروەها خولی شیاندن بۆ زیاتر لە (١٢٠٠٠) لە مامۆستا کراوەتەوە بۆ گەیاندنی کەلتووری یەکسانی جێندەری، لەلایەکی دیکە،سەبارەت بە خوێندنی باڵا، ئێستا لە کوردستان (١٤) زانکۆی حکومی و دەیان زانکۆی ئەهلی هەیە کە رێژەی قوتابیان تێیاندا یەکسانە، هەروەها بەشێک لە راگر و سەرۆکی بەش ئافرەتانن کە لە ساڵی خوێندنی 2016-2017 بەم شێوەیە بوو: (١) سەرۆکی زانکۆ (10) راگر، (83) سەرۆکی بەش (2972) مامۆستا، (68099) قوتابی و (7714) فەرمانبەر.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم سەبارەت بە رفاندنی ئافرەتانی ئێزیدی لەلایەن تیرۆیستانی داعشەوە وتی: ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ژمارە (5170) ی لە رێکەوتی 21/8/2014 دەرکرد بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بە مەبەستی ناساندنی ئەو تاوانانەی دەرهەق بە کوردانی ئێزیدی ئەنجامدراون وەک جینۆساید و پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت لە 25/11/2014 کە ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاری و رزگارکردنی رفێندراوانە، بەپێ زانیارییەکانی نووسینگەی ئازاد کردنی رفێندراوان تا رۆژی 18/11/2019 ژمارەی رزگار کراوەکان بریتی بوو لە (3524)، لەوانە (1197)ئافرەت، (339) پیاو، (1038) منداڵی کچ، (950) منداڵی کوڕ، هەروەها (100) رزگاربووی دیکە نێردراون بۆ وڵاتی ئەڵمانیا بە مەبەستی چارەسەر کردن بەپێی رێکەوتنێکی نێوان حکومەتی ئەڵمانیا و حکومەتی هەرێم.
لە بواری تەندروستیش حکومەتی هەرێمی خزمەتگوزاری جۆراروجۆری پێشکەش بە ئافرەتە ئاوارە و پەنابەرەکان کردووە بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە هەر کەمپێکی یەکەیەکی تەندروستی داندراوە بۆ تەندروستی دایکایەتی و منداڵبوون و چارەسەرکردنی حاڵەتەکانی توندوتیژی، پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ منداڵانی تازە لە دایکبوو. لە رێکەوتی (22/8/2017) لەکەمپی حەسەن شام خانەیەکی تایبەت بۆ منداڵانی بێ دایک و باوک دامەزراوە بۆ چاودێری کردنی ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی شەڕ دایک و باوکیان لە دەستداوە، ئەنجامدانی چەندین هەڵمەتی کوتانی دایکان و منداڵان ، چارەسەر کردنی زیاتر لە (١٢٧٨) کەس لە سەنتەری راوێژکاریی پارێزگای دهۆک، ئەمە سەرەڕای تۆمار کردنی کەیسی (٢٠٣٦) ئەو ئافرەتانەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رووبەڕووی دەستدرێژی بوونەتەوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم وتی: بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی هێڵی گەرمی (١١٩) دانراوە کە بۆ ماوەی (٢٤) کاتژمێر کار دەکات بە بەردەوامی، هەروەها (٤) شەڵتەر کراونەتەوە بۆ داڵدەدانی ئەو ئافرەتانەی رووبەرووی توندوتیژی خێزانی دەبنەوە و دەیان ئافرەت لە خۆ دەگرێت و جگە لە ئافرەتان کورد ژمارەیەک ئافرەتی ئاوارە و پەنابەری بیانی لەو شەڵتەرانەدا بوونیان هەیە بەبێ جیاوازی نەتەوە و ئایین لەوانە لە شەڵتەری سلێمانی (1٧) ئافرەتی ئاوارە لە هەولێر (١٠) ئافرەتی ئاوارە و (١٨) ئافرەتی پەنابەر لە رەگەزنامەی جۆراوجۆر، لە شەڵتەری دهۆک (١٥) ئافرەتی ئاوارە کە کەیسی (٢٤) یان چارەسەر کراوە.
باسنيوز
