ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. لە یەک ساڵدا 201 حاڵەتی پێشێلکاری دژی ژنان تۆمار کراوە

ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. لە یەک ساڵدا 201 حاڵەتی پێشێلکاری دژی ژنان تۆمار کراوە
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا (٢٥ی نۆڤەمبری٢٠١٨ هەتا ٢٥ی نۆڤەمبری٢٠١٩) سەرجەم ٢٠١ حاڵەتی پێشێلکاریی دژ بە مافەکانی ژنان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە.


لەمبارەوە ڕێکخراوی هەنگاو ڕاپۆرتێکی ئاماریی بڵاو کردووەتەوە کە بەم چەشنە:

لەسێدارەدانی پێنج ژنی کورد

بە پشتبەستن بە هەمان سەرچاوە لە ٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠١٨ هەتا ٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩حوکمی سێدارەی پێنج ژنی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.

ئەو پێنج ژنە خەڵکی شارەکانی ورمێ (٢ حاڵەت)، سنە (٢ حاڵەت) و میاندواو بوون کە بە تۆمەتی قەتڵی ئەنقەست لە بەندیخانەکانی مەهاباد، سنە و ورمێ لەسێدارە دراون.

دەستبەسەرکرانی ٣٠ ژنی کورد لە ساڵی ڕابردوودا

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا و بە پشتبەستن بە هەمان ئامار٣٠ ژنی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستگیر کراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە و لەو ماوەیەدا، ١٤ ژنی کورد لە پارێزگای سنە، ٨ ژن لە پارێزگای کرماشان، ٧ ژن لە پارێزگای ورمێ و ژنێکیش لە پارێزگای ئیلام بە تۆمەتی سیاسی و چالاکیی مەدەنی دەستبەسەر کراون.

لە کۆی ئەو ٣٠ ژنەی کە دەستبەسەر کراون، ٢٥ کەسیان بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی، ٥ کەسیان بە تۆمەتی چالاکیی مەدەنی دەستگیر کراون.


ساڵی ڕابردوو ٥ ژنی کورد حوکمیان بەسەردا سەپاوە

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ٥ ژنی کورد بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و مەدەنی لەسەریەک حوکمی ٧ ساڵ و شەش مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.


کوژرانی ٣١ ژنی کورد لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانیکەم٣١ ژن و کچی کورد کوژراون کە زۆرینەیان بە دەستی کەسوکار و خزمانی نزیکی خۆیان کوژراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە 10 ژن لە پارێزگای سنە، ٨ ژن لە پارێزگای کرماشان،٨ ژن لە پارێزگای ورمێ و ٣ ژنیش لە ئیلام و یەک ژنیش لە لوڕستان کوژراون.


خۆکوشتنی ١٣٠ ژنی کورد لە ساڵی ڕابردوودا

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا و بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، ١٣٠ ژن و کچی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراوی هەنگاو، زۆربەی هۆکارەکانی خۆکوشتنی ژنان بە هۆی کێشەی خێزانی و هەژاری، هەروەها نالەباربوونی باری دەروونی روویان داوە.

هەروەها، ٧٧ ژن لە ڕێگای خۆهەڵواسین، ٢٠ ژن لە ڕێگای خۆسووتاندن، ٢٦ ژن لە ڕێگای خواردنی حەب و ژار، ٧ ژنیش بەهۆی بەکارهێنانی چەک کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

لە پارێزگای ورمێ ژنان بە ڕێژەیەکی بەرز خۆیان کوشتووە کە ٥١ کەس بوون، لە پارێزگای سنە ٣٤ ژن، لە کرماشان ٢٣ژن و لە ئلامیش ٢٢ ژن خۆیان کوشتووە.














باسنيوز
Top