شاندی وەزاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا
شاندی وەزاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و پێشبینیش دەکرێت لەبارەی بودجەی ٢٠٢٠ لەگەڵ حکوومەتی ئیتیحادی بگەنە ڕێککەوتن.
بەپێی زانیارییەکان، کەمێک لەمەوبەر، شاندە وەزارییەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە بەغدای پایتەختی عێراق.
شاندەکە لە هەریەک لە وەزیری دارایی و ئابووری، وەزیری پلاندانان، وەزیرێکی هەرێم و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران پێکهاتووە و دوێنێ لە هەولێر، لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێی ئەنجامی گەڕی یەکەمی سەردانەکەیان بۆ بەغدا کردووە.
لەمبارەیەوە کەناڵی (کوردستان ٢٤) بڵاوی کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە لە ساڵی ٢٠٢٠دا بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە بەغدا بدات.
پێشتر فارس عیسا، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە (باسنیوز)ی راگەیاندبوو، بڕیارە لە دوای گفتوگۆکانی ئەمڕۆ، ڕێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بودجەی ٢٠٢٠ی عێراق واژۆ بکرێت.
باسنيوز
