لەبەردەم بارەگای UN لە هەولێر پشتگیریی خۆپیشاندەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرا

لەبەردەم بارەگای UN لە هەولێر پشتگیریی خۆپیشاندەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرا
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر ڕێکخراوەکانی ژنان و لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و جەماوەرێکی زۆری هاووڵاتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چەند ڕێکخراوێکی باشوور گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی ڕێک خرا.

بەپێی زانیارییەکان گردبوونەوەکە کە بە ئامانجی پشتگیریی لە خۆپیشاندەرانی ڕۆژهەڵات و ئیدانەکردنی کوشتنی هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵات لەلایەن ئێرانەوە ساز درابوو، لەلایەن ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتیی کوردستان و کۆمیتەی هاوئاهەنگیی لاوانی ڕۆژهەڵات ڕێک خرابوو، کە کۆمەڵێکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی نیشتەجێی باشوور و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنیی ڕۆژهەڵات و باشوور تێیدا باشدارییان کرد.

لەو گردبوونەوەیەدا ڕێکخراوەکانی ژنان و لاوانی پارت و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خوێندنەوەی دوو بەیانناممە وێڕای ئیدانەکردنی کوشتن و سەرکوتی خۆپیشاندەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داوای پاڵپشتی و پشتیوانیی سیاسییان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و هاوکات بو توندی کوشتن و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان لەلایەن ئێرانەوە ئیدانە کرد.

خۆپیشاندان و ناڕەزایی جەماوەری لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە شەممەی هەفتەی ڕابردووەوە بەهۆی گرانبوونی بەهای بەنزین دەستی پێکرد، لە سەرتاسەری ئێران نزیکەی 200 کەس کوژران کە 48 کەسیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون و بەپێی دوایین زانیارییەکان لە سەرجەم شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە یەک هەزار کەس دەستگیر کراوە و ژمارەی بریندارەکانیش زیاتر لە یەک هەزار کەس.










باسنیوز
Top