وەزارەتی کارەبا: دۆخی کارەبا ئاسایی بووەتەوە
وەزارەتی کارەبا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "هاوبەشانی كارەبا ئاگاداردەكەینەوە وەكو چۆن سەرلەبەیانی ئەمڕۆ راستەوخۆ لەكاتی روودانی گرفتە تەكنیكییەكەی كۆمپانیای دانا غاز و راوەستانی غاز بۆ وێستگەكانی غازی هەولێر، سلێمانی و بازیان رامانگەیاندبوو كە تاوەکو شەش كاتژمێری دیكە بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەكان چارەسەری كێشەی كۆمپانیای داناغاز دەكرێت و رەوشەكە ئاسایی دەكەینەوە، ئێستا كێشەی كۆمپانیای داناغاز لە 90%ـی ئاسایی بووەتەوە و بەرهەمی كارەبا گەیشتەوە دوو هەزار و 928 مێگاوات".
بەهۆی ئەوەی ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبای هەولێر، سلێمانی و بازیان راوەستابوو، ئەمەش بووە هۆی كەمبوونەوەی 500 مێگاوات كارەبای نیشتمانی.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی کارەبادا هاتووە "دوای ئەوەی وەزارەتی كارەبای هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بەهەماهەنگی تیمەكانی كۆمپانیای دانا غاز توانییان چارەسەری ئەو گرفتە تەكنیكییە بكەن".
تێكڕای بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان، ئێستا نزیكەی سێ هەزار و 500 مێگاواتە و خواستیش بۆ زیاتر لە پێنج هەزار و 250 مێگاوات بەرزبووەتەوە. وەزارەتی كارەبا نزیكەی ملیۆنێک و 600 هەزار هاوبەشی كارەبای هەیە.
