بەشار ئەسەد مووچە و کرێ لە وڵاتەکەی زیاد دەکات

بەشار ئەسەد مووچە و کرێ لە وڵاتەکەی زیاد دەکات
سەرۆکی سووریا دوو مەرسوومی کۆماری لەبارەی زیادکردنی مووچەی سەربازی و شارستانیی و خانەنشینان دەرکرد.

بەپێی مەرسوومی ژمارە ٢٣ی ساڵی ٢٠١٩ کە لە ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی سووریادا بڵاو کراوەتەوە، بڕیار دراوە کە ٢٠ هەزار لیرەی سووری لە مووچە و کرێی مانگانەی سەرجەم کارمەندانی کەرتی سەربازی و شارستانی لە وڵاتەکە زیاد بکرێت.

هەروەها لە مەرسوومێکی دیکەدا بە ژمارە ٢٤، بڕیاری داوە ١٦ هەزار لیرەی سووریا بخاتە سەر مووچەی سەرچەم خانەنشینانی سەربازی و شارستانی.

بڕیارەکەی ڕژێمی سووریا سەرجەم ئەندامانی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکە و کارمەندانی وەزارەت و دامەزراوە و کۆمپانیا گشتییەکان و شارستانییەکان، هەروەها یەکە کارگێڕییە ناوخۆییەکان دەگرێتەوە.

میدیاکان بڵاویان کردووەتەوە کە دوای دیراسەکردنی دۆخی ئابووریی ئێستای سووریا و ئەو داهاتەی کە دەست ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد دەکەوێت، بڕیاری زیادکردنەکە دراوە.

بەپێی بەهای لیرەی سووری بێت، ٢٠ هەزار لیرە، دەکاتە دەوروبەری ٢٦ دۆلاری ئەمریکی کە مانگانە دەخرێتە سەر مووچە و کرێی سەرباز و فەرمانبەرانی دەوڵەتەکە.

لەوەتەی درووستبوونی بەهاری عەرەبییەوە تاوەکوو ئێستا، سووریا بە دۆخێکی جەنگی و گرژی و ئاڵۆزیی بەردەوامدا تێپەڕ دەبێت، بە جۆرێک تاوەکوو ئێستا سەدان هەزار کەس لە وڵاتەکە کوژراون و میلیۆنانیش ئاوارە و دەربەدەربوون و ماڵ و حاڵیان وێران بووە، بۆیە چاودێران پێیانوایە کە بڕیاری بەرزکردنەوەی بڕە پارەکە هیچ لە دۆخی مەینەتییەکانی خەڵکی سووریا ناگۆڕێت.














باسنيوز
Top