دەقی دیبەیتەکەی مەسرور بارزانی لە دیداری ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەراست
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ی ١١ی ٢٠١٩، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی دیبەیتێکیدا لە چوارچێوەی دیداری ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک ڕێکی خستبوو، ئاماژەی بەوە کرد: ”کێشە مرۆییەکان ئەو کاتە ڕوودەدەن کە کێشەی دیکە هەن، سەرهەڵدانی تیرۆر و پاکتاوی نەژادی، جیاوازییە سیاسییەکان و داڕمانی ئابووری، ئەمانە وایانکرد کە ئاوارەکان زۆربن“.
ڕوونیشی کردەوە کە ئێستا دەبینین خەڵکێکی زۆر دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان، ئەمە بەهۆی ئەوەیە کە کوردستان ناوچەیەکی ئارامترە، ڕێز لە خەڵک دەگرێت و ئەم خەڵکە دەپارێزێت کە لە تیرۆر و تۆقاندن هەڵدێن.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە هەرێمی کوردستان ١ ملیۆن و نیوێک ئاوارە و پەنابەری لەخۆوە گرتووە، لەم نزیکانەش دەبینین پەنابەر لە سووریاوە نزیکەی ٦٠ هەزار کەس سنوورەکانیان تێپەڕاندووە و لە کۆمەڵگەکانی پەنابەران نیشتەجێ کراون. من سەردانی ئەو کەمپانەم کرد، تێبینیی ئەم ئازارچەشتنەی ئەوانم کرد.
سەرۆکی حکوومەت پێیوایە کە بۆ چارەکردنی ئەم ئازارەیان، دەبێت لە هۆکاری هەڵاتنی خەڵک لە ناوچەکە بکۆڵدرێتەوە، ئەگەر سەیر بکەین دەبینین تەواوی هەرێمەکە لە کێشە دایە. زۆرێک لە خەڵکی کە ناوچەکە جێدەهێڵن، دێنە هەرێمی کوردستان. چونکە لە ناوچەکانیان هەست بە پارێزراوی ناکەن. ئەمە بەرپرسیارێتییەکی مەزن و ئەرکێکی قورسە بۆ هەرێمی کوردستان، چەند ساڵێکە ئەم ئەرکەمان خستووەتە سەر شانمان.
داواشی لە حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەن، چونکە تائێستا ئەو هاوکارییانە لەم ئاستەدانین کە ئەرکەکانمان کەم بکاتەوە. بگرە ئەرکەکە زۆرتر لەئەستۆی هەرێمی کوردستانە کە ساڵانە زیاتر لە ملیار و نیوێکە، چارەسەر هەیە کە یارمەتیی ئەم خەڵکە بدرێت، بەڵام چۆن دەگەڕێنەوە ئەگەر ئاسایش و ئارامی و شوێنێکی پارێزراو نەبێت؟. هەندێک لە ئاوارەکان گەڕانەوە، بەڵام بینییان نیوەی ئەو خزمەتگوزارییانە پێشکەش نەکراون کە پێویستییانە، بۆیە گەڕانەوە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر ئەوەی، ئێمە بۆ خزمەتکردنی ئاوارەکان و هاوکاریکردنیان بۆ گەڕانەوەیان بۆ ئەو شوێنەی لێیەوە هاتوون، پێویستیمان بە هاوکاری هەیە، ئەمەش ڕوونادات ئەگەر سەرلەنوێ کار بۆ بونیادنانەوەی ناوچەکە نەکرێت. ئەمە ئەرکێکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە کە یارمەتیی ئەو کەسانە بدەن کە لە وڵاتانی دیکەوە دێنە هەرێمی کوردستان.
لەبارەی داعشەوە، مەسرور بارزانی دەڵێت، داعش وەکوو ئایدۆلۆژیا ماوەتەوە. هەڵمەتە سەربازییەکان بۆ تێکشکاندنی داعش بە تەنیا بەس نین، دەبێت ڕێگە لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش بگیرێت. شکستی سیاسی، نادادپەروەری، داڕمانی ئابووری و هتد هۆکارن بۆ درووستبوونەوەی هزری تیرۆر، بۆ لەناوبردنی تیرۆر، دەبێت پەنجە بخرێتە سەر ئەم کێشانە. دەبێت ڕێککەوتنێکی سیاسی لەنێوان لایەنەکان هەبێت تاوەکوو متمانە بە خەڵک بدەن. پێموانییە داعش شکستی هێنابێت، هەڕەشەی داعش زۆر کاریگەرە لە عێراق، سووریا و ناوچەکە و جیهانیش، ئەمەش پێویستی بە هەماهەنگییەکی جددی لایەنە نێودەوڵەتییەکان هەیە کە چۆن بەیەکەوە دەتوانن تیرۆر لەناو ببەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە خۆپیشاندانەکانی عێراق کرد و ڕوونی کردەوە: ”خۆپیشاندەرانی عێراق مافی دەربڕینی بۆچوونی خۆیان هەیە، شایستەی خزمەتگوزاری و مافەکانیانن، کە خزمەتگوزارییەکان نەبن، بێگومان خەڵکی خۆپیشاندان دەکەن. جیاوازییەکە لە نێوان ئەوەدا هەیە کە خەڵکەکە دەیانەوێت لەگەڵ ئەوەی پارتە سیاسییەکان دەیکەنە ئەجێندای خۆیان. پارتە سیاسییەکان ناتوانن لە بری تەواوی خەڵکەکە قسە بکەن. خەڵکەکە ناڕازین و باس لە کێشەکانی ئێستا دەکەن، دەبێت ئەوە بڵێم کە هەمووان کۆکن کە شتێک تەواو نییە، بۆچوونێکی یەکگرتوو هەیە کە شتێک بە هەڵەدا براوە، بەڵام لەوەدا ناکۆکن کە دەبێت چارەسەرەکە چی بێت؟ ئەوان یەک چارەسەری ئاسانیان نییە؟ بەڵکوو بە بۆچوون و ئەجێندای ئەوان چەند چارەسەرێکیان هەیە“.
دووپاتیشی کردەوە کە ئێمە حکوومەتی ئێستا، بەتایبەتیش سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق بە تاکە لایەنی بەرپرس بۆ کێشەکانی عێراق نابینین، ئێمە لە ١٦ ساڵی ڕابردوودا ئەم کێشانەمان تێبینی کردووە. کەڵەکەبوونی ئەم کێشانەیە کە ئێستا باسی ئم بابەتانە دەکرێت.
بە پێویستیشی زانی، حکوومەتی ئێستای عێراق، دەرفەتێکی هاوسەنگی پێ بدرێت تاوەکوو ڕۆڵی خۆی ببینێت و چاکسازیی پێویست ئەنجام بدات. گوتیشی، ئەگەر سەیری مێژووی هاوچەرخی عێراق بکەین لە دوای ٢٠٠٣وە، پێموایە کە هەرگیز عێراقییەکان دەرفەتی ئەوەیان نەبووە خۆیان بڕیارەکانی خۆیان بدەن، بەڵکوو کارەکتەرە دەرەکییەکان بەسەریاندا سەپاندوون و ناچاریان کردوون کە پێیەوە پابەند بن.
تیشکیشی خستە سەر سیاسەتی ئەمریکا و ئاماژەی بەوە دا، ئەمریکا سیاسەتی خۆیان هەیە، من ناتوانم لە بری ئەوان قسە بکەم، ئەمریکا لە ڕووخاندنی ڕژێمی سەدامدا دەستی هەبووە، ئێمە ڕێز لەوە دەگرین کە ئەمریکا گەلی عێراقیان لە رژێمێکی خۆسەپێن ئازاد کرد. ئەمریکا بوونی خۆی لە ئازادیکارەوە بۆ داگیرکەر گۆڕی. ئەمریکا دەیتوانی لە لایەنی ئازادکارەوە وەبەرهێنان لە سیاسەتی خۆیدا بکات، بەڵام دواتر کێشەیەکی دیکە هاتە پێشەوە.
مەسرور بارزانی پێیوایە، دەبێت ئەمریکا و ئەو وڵاتانەی دیکەش کە بەرژەوەندییان لە عێراقدا هەیە، ئەوە قەبووڵ بکەن کە عێراق وڵاتێکی جیاوازە. فەرهەنگ و هەرێم و بەرژەوەندیی جیاواز ناکرێت لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەوان هاوتەریب بن. هەر وڵاتێک بەرژەوەندیی لە عێراق هەیە، دەبێت بە جددی ئەوە بزانێت کە هەڵەیەک لە بونیادی دەوڵەتی عێراقدا هەیە. وەک دەزانین دان نان بەم کێشانە کە بخرێنە رۆژەڤەوە، بۆچی ئەم وڵاتە بە باشی کاری خۆی ناکات؟ خەڵک دڵخۆش نین و پێکهاتەکان هەست بە ئارامی ناکەن؟
تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە کاتێک پێناسەی خەڵک دەکرێت لە عێراق، بە مەزهەب و نەتەوە پێناسە دەکرێت، ئەمە راستییەکەیە، عێراق پێکدێت لە شیعەی عەرەب و سوننەی عەرەب، کورد و تورکمان و مەسیحی، بەڵام هیچیان هەست بەوە ناکەن کە بە تەواوی عێراقین. ئەوان سەرەتا پابەندی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانن. کاتێک یەکێک لە پێکهاتەکان هەندێک دەسەڵاتی هەبێت، ترس دەبێت کە شتێکی خراپ ڕوودەدات، ئەمانە کێشەی زۆر جددین. نابێت بە سادەیی سەیر بکەین. ئێمە کە کێشەمان هەیە، دەبێت توێژەران تیشکی بخەنە سەر. لەگەڵ ئەوەشدا کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە کە کەس نایەوێت دان بە کێشەکەدا بنێت. ئەوان زۆرتر باسی نیشانەکانی نەخۆشییەکە دەکەن نەک چارەسەرەکەی.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان شانازی بەوە کرد کە کوردستان خاکی لێبووردەییە و گوتی: ”ئێمە زووتر باسمان کرد کە پەنابەران پەنا بۆ هەرێمی کوردستان دەبەن دەبێت هۆکارێک هەبێت؟ ئەمەش هۆکارەکەیە. ئێمە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ دەگرین و باوەڕمان بە پێکەوەژیان هەیە“.
لەبارەی ئەگەری کشانەوە یان مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، مەسرور بارزانی رای گەیاند، ئەمریکا ڕۆڵی هەبووە، بەڵام تاچەند نەبوونی ڕۆڵی ئەمریکا لە ماوەیەکی دیاریکراودا کاریگەری لەسەر دۆخەکە هەبووە؟ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بۆشایی درووست دەکات. ئەم بۆشاییە بە هاوسێکانی عێراق پڕکراوەتەوە. ئەگەر پرسیار ئەوە بێت کە ئایا ئەمریکا بمێنێتەوە؟ بەڵێ. ئێمە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا قسە دەکەین، ئەوان دەڵێن کە ئاشتی و سەقامگیرییان دەوێت، بەڵام ئەمە بۆ وڵاتێکی وەک عێراق پێویستی بە هاوکاری دەبێت.
دووپاتیشی کردەوە، ئێمە وەکوو هاوپەیمانێکی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا سەیری خۆمان دەکەین، هیوادارین ئەوانیش هەروا سەیرمان بکەن. ئێمە هاوپەیمانێکی سەرەکیی ئەو وڵاتانە بووین لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش، ئێستا داوا دەکەین ئێمە بخەنە نێو لیستی هاوپەیمانەکانیانەوە. بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەوان بەم شێوەیە سەیرمان دەکەن یان نا؟
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستە ڕوو کە مانەوەی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە بڕیاری ئەوانە. ئێمە کێشەمان لەگەڵ هیچ یەکێک لە هێزە هەرێمی و یاریکارە نێودەوڵەتییەکان نییە. ئێمە دەستی هاوڕێیەتی بۆ هەر یەکێک درێژ دەکەین کە دەستی بێنێتە پێشەوە. ئێمە پەیوەندیی باشمان لەگەڵ ڕووسیا هەیە و ئەوان لە هەندێک پڕۆژەدا لە هەرێمی کوردستان و عێراقیشدا دەستیان هەیە.
لەبارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە باسی لەوە کرد، پێمانوایە کە حکوومەتی بەرپرسیار ئەوەیە کە دەتوانێت گەندەڵی کەم بکاتەوە، پێموایە زۆر ئەستەم دەبێت و ڕەنگە لەناوبردنی گەندەڵیش هەرگیز ڕوو نەدات، بەڵام لەسەر ئەوە دەوەستێت کە چەندە کەم دەکرێتەوە. ئێمە بە درووستکردنی حکوومەتێکی وەڵامدەرەوە ئەوەمان کردووە. پێشتر ئاماژەم دا کە لە ڕووی داراییەوە چاکسازیمان کردووە. کاتێک کارمەندانی حکوومەت ڕۆژانە ٢ کاتژمێر کار دەکەن، ئەمە گەندەڵییە. ئێمە پابەندمان کردن کە هەموو کاتەکە کار بکەن. ئەمە یەکێکە لە ڕێوشوێنەکان. دووەم بەهۆی پەیوەندییەکان و نزیکایەتیی پەیوەندییەکانەوە توانیومانە ڕێگری بکەین و دەبێت دەرفەتی گونجاو و یەکسان بۆ هەمووان بڕەخسێنین. دەبێت دادگەری فەراهەم بکرێت.
دووپاتیشی کردەوە، تائێستا ڕێگریمان کردووە و گەندەڵیمان وەستاندووە، کەس ناتوانێت چیتر پشت بە هاوڕێیەتی کەسێک ببەستێت بۆ ئەنجامدانی کارێکی حکوومەت. هەمووان دەرفەتی یەکسانیان هەیە. دەستیشمان بەوە کردووە کە لە ڕێگەی یاساییەوە هەوڵی چارەسەرکردنی گەندەڵی بکەین.
بە بڕوای مەسرور بارزانی، ئەگەر خەڵکی بە دادگەری و یەکسانی هەڵبژێردرێن، پێموانییە هیچ حکوومەتێکی نابەرپرس درووست ببێت. شتێکی هەڵە هەیە کە بەهۆی کێشەکانی ڕابردووەوە حکوومەتی پێ پێکهێندراوە، منیش نامەوێت بچمە سەریان. هەرگیز کۆک نابم کە سیستەمی دیکتاتۆری درووست بکرێت. دەکرێت زۆر ڕژد بیت لە ڕێگەگرتن لە هەندێک شت، بەڵام نەبادا ئازادییەکانیان قەتیس بکات.
لەبارەی بۆردومانکردنی شنگال و هەندێک ناوچەی کوردستان لەلایەن تورکیاوە، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رای گەیاند، ئەوان دژی لەشکرکێشی و دەستێوەردانی دەرەکین. داواشی کرد لایەنە ناکۆکەکان کێشەکانیان نەهێننە نێو هەرێمی کوردستانەوە.
گوتیشی: ”ئایا تورکیا دەیتوانی شنگال بۆردومان بکات ئەگەر ئەوانەی چوونەتە ناوچەکە، لەوێ نەبووبان و پاساویان نەدایەتە دەست. ئێمە دژی لەشکرکێشی و دەستێوەردانین. هاوکات پاڵپشتی لەوانە ناکەین کە کێشەکانیان دێننە هەرێمەکەمان. ئێمە ئاشتی و سەقامگیریمان بۆ هەرێمەکەمان دەوێت“.
باسنيوز
