خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن
دوانیوەڕۆی دوێنێ سێشەممە شارەکانی مەریوان، کرماشان زۆر ئاڵۆز بووە و ناو دوو کەسی دیکە لە کوژراوەکان ئاشکرا بووە و هاوکات لە خۆپیشاندانەکانی تارانیش هاووڵاتییەکی کورد کوژراوە.
لەمبارەوە (ئاژانسی هەواڵی کوردپا) بڵاوی کردووەتەوە: "ڕۆژی ڕابردوو، هێزە ئەمنییەکان لە شاری کرماشان بڵاو کراونەتەوە، بەتایبەتی لە شوێنەکانی (سێڕێیانی تاقەوسان، ئیلاهییە و دەوڵەت ئاوا) هەروەها ئیزنی کۆبوونەوەی سێ تا چوار کەسیش بە خەڵک نەدراوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە: "بنکەی سەربازیی دەوڵەت ئاوا، دەستڕێژی گوللەی لە خەڵک کردووە و لەو ڕووداوەدا دوو برا کە ناوەکانیان ئاشکرا نەبووە، کوژران یەکێک لەو کەسانە مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵە".
تاکوو ئێستا ئامارێکی دروست لەسەر کوژراو و بریندار و دەستگیرکراوەکانی شاری کرماشان لەبەردەست نییە و تەنیا شوناسی سێ کەس ڕوونە کە بریتین لە: "نادر بیرانوەند، ٢٢ ساڵە، خەڵکی گەڕەکی جافرئاوای شاری کرماشان؛ ڕامین میرزایی، تەمەن ٢١ ساڵ، خەڵکی گەڕەکی دەوڵەت ئاوا و موزەفەر زەهیری، کوڕی نسوور".
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن لە نەخۆشخانەی (تاڵقانی)ی بەشێکیان تایبەت بە کوژراو و بریندارەکانی کرماشان دیاری کردووە و جگە لە هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکان، تەنانەت ئیزنی چارەسەرکردنی بریندارەکانیان بە دکتورەکانی ئەو نەخۆشخانەیەش نەداوە".
بو گوێرەی زانیاری و ئامارەکانی ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، تاکوو ئێستا لە شارەکانی (کرماشان، جوانڕۆ، سنە، مەریوان، سەقز و بۆکان) لە خۆپیشاندانەکانی شەش ڕۆژی ڕابردوودا 47 کەس کوژراون و زیاتر لە 300 کەسیش دەستگیر کراون و بە سەدان کەسیش بریندارن.
بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت کە بە فەرمانی ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران دراوە، ئاماری ڕاستەقینە و دروستی کوژراو و بریندارەکان دیار نییە و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و سەرچاوە خۆجێیەکان دەڵێن ئامارەکان زۆر لەوە زیاترن کە بڵاو کراونەتەوە و باس لەوە دەکرێت لە سەرتاسەری ئێران زیاتر لە 3 هەزار خۆپیشاندەر دەستگیر کراون.
باسنيوز
