وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان: دەبێت ئەجێندایەکی عێراقی بۆ چارەکردنی کێشەکانی وڵاتەکە هەبێت
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای گەیاند، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخەی لە عێراق هاتووەتە پێشەوە، دەبێت ئەجێندایەکی عێراقییانە هەبێت.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ لە میانی بەشداریکردنیدا لە پانێلێکی دیداری ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک بەڕێوە دەچێت، رای گەیاند: ”دەبێت عێراق ئەجێندایەکی عێراقی هەبێت، ئەجێندای هیچ لایەنێکی دەرەکی جێبەجێ نەکرێت. ئەگەر هەر لایەنێکی عێراقی خۆی بە ئەجێندای دەرەکی هەڵبواسێت، ئەوا ١٠٠ ساڵی دیکەش کێشەکانی وڵاتەکە بەردەوام دەبن“.
ڕوونیشی کردەوە کە ئەگەر لێکتێگەیشتن و یەکترقەبوڵکردن درووست بوو، دۆخێکی وەک هەرێمی کوردستان لە عێراق درووست دەبێت. لە دوای ١٩٩١ بە بڕیارێکی حەکیمانە لە ڕێگەی سەرکردایەتیی ئەوسای سیاسیی کوردستانەوە، لێبووردنێک بۆ هەمووان دەرکرا کە بەو هۆیەوە ڕۆحی یەکترقەبوڵکردن لە کوردستان درووست بوو.
هەر لەم پانێڵەدا دکتۆر بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند: ”ئێمەی کورد بە عێراقی دوای ٢٠٠٣ ماندوو بووین و بەشمان لەم وڵاتەدا هەیە کە هێشتا بەشەکەمان وەرنەگرتووە بە تەواوی، بۆیە بە ئاسانی دەستی لێ بەرنادەین“.
بەپێویستیشی زانی، خۆمان بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە بکەین و پلانی ئەی و بی و سیمان هەبێت. دەبێت ناوماڵمان ڕێک بخەین و یەکڕیزی و هەماهەنگیمان لەنێواندا هەبێت. بەبێ یەکڕیزی، ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی بەغدا زەحمەتە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا باسی لە ماددەی ١٤٠ کرد و گوتی: ”تاوەکوو عەقڵیەتێک لە بەغدا هەبێت کە هەرێمی کوردستان وەک پارێزگایەک ببینێت نەک وەک هەرێمێکی خاوەن تایبەتمەندی، باوەڕ ناکەم لە بەغدا ڕێگە بە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بدرێت“.
گوتیشی: ”دەڵێن عادل عەبدولمەهدی هەموو شتێکی بۆ کورد کردووە، بەڵام من دەڵێم عادل عەبدولمەهدی بەشی کوردستانی بە تەواوی نەداوە و هێشتا مافمان لەلای ماوە، بەڵام دەڵێین چاکترین کەسە بۆ گوێگرتن لە هەرێمی کوردستان“.
باسنیوز
