مەلا بەختیار: (٤٤) حکوومەت لە عێراق درووست کراوە، بەڵام هیچیان نەیانتوانیوە کێشەکان چارەسەر بکەن"
لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رای گەیاند، حکوومەتی ئێستای عێراق بۆ کورد ”سەمامی ئەمانە“ و نەیشاردەوە کە ئەوەی لە وڵاتەکە دەگوزەرێت، درێژکراوەی کاریگەرییەکانی ٤٤ حکوومەتەکانی رابردوون.
کەمێک لەمەوبەر، مەلا بەختیار، لە میانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی دیداری ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک ڕێکی خستووە، ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکوو ئەم وڵاتانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەژموونی سەدەکانی ناوەڕاست ڕزگار نەبن، ناتوانن بێنە نێو ئەم سەردەمەوە. چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵاتانی ئەم ناوچەیە تەنیا بە چارەسەرکردنی دەستوور دەبێت.
ڕوونیشی کردەوە، لە مێژووی عێراقدا ٤٤ کابینە درووست کراوە، هیچیان نەیانتوانیوە کێشە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئیدارییەکانی وڵاتەکە چارەسەر بکەن. تەنیا بە عەقڵیەتی سەربازی مامەڵەیان کردووە، باشترین جۆری زیندان لە وڵاتەکە و خراپترین جۆری قوتابخانە هەبووە. باشترین شێوازی ئەشکەنجەدان و خراپترین زانکۆ لە عێراق هەبووە.
مەلا بەختیار پێیوایە کە ئێستا نەوەیەکی تازە پەیدا بووە کە وەکوو نەوەکانی رابردوو لە ژێر هەژموونی رابردوو نین کە هەموو شتێکی هەژموونی رابردوو قەبوڵ بکەن. بۆیە بە ئاسانی راپەڕین درووست دەبێت.
لەبارەی هەرێمی کوردستانیش سەرکردە باڵاکەی یەکێتی گوتی: ”لەبارەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان، گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە عێراق لە دوای ٢٠٠٣ لەسەر بنەمای هاوسەنگیی هێزەکانی (شیعە، سوننە و کورد) درووست بووە، بەڵام بەداخەوە نەتواندرا هاوسەنگییەکەی بمێنێت، بۆیە بۆ کێشەی ئابووری، نانیان بڕین، بۆ ڕیفراندۆم پەلاماریان داین“.
دووپاتیشی کردەوە، ئۆباڵی ئەم دۆخەی لە عێراق هەیە لەسەر حکوومەتەکانە نەک لەسەر ئەو خەڵکەی کە داوای مافی خۆیان دەکەن. دەوڵەتی عێراق ئەگەر بیەوێت خۆی لە کێشەکانی ٩٨ ساڵی ڕابردوو ڕزگار بکات، نەک کێشەی ئەم حکوومەتە ”کە حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی بۆ ئێمە سەمامی ئەمانە“، باشترین ڕێگە ئەوەیە کە پابەندبن بە دەستوور. چونکە دەستوور جێبەجێ نەکەن، مەحاڵە وڵاتەکە دەرباز بێت.
ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەگەر بابەتی هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق بێتە پێشەوە، مەترسی هەیە ”هەندێک خەڵک لە ڕوانگەی تائیفی و ناسیونالیستییەوە عێراق ببەنەوە بۆ ڕابردوو“.
باسنيوز
