خۆپیشاندان 17 پارێزگای ئێرانی گرتووەتەوە
بەپێی زانیاریی سەرچاەکانی مافی مرۆڤ هەر لە کاتژمێرەکانی یەکەمی خۆپیشاندانەکانەوە هێزە ئەمنییەکانی ئێران توندوتیژییان بەرانبەر خەڵکی خۆپیشاندەر نواند و چەکیان بەکار هێنا.
سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی ئیتلاعات و سوپای پاسداران و ناوەندە ئەمنییەکانی دیکە هەڕەشەی ڕووبەڕووبوونەوەی توندتریان بەرانبەر خۆپیشاندەران کردووە، بەڵام خەڵکی ناڕازیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناڕەزایی و ڕژانە سەرشەقامەکان بەردەوامن و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان تاکوو ئێستا لە سەرتاسەری ئێران زیاتر لە 200 کەس کوژراون و ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتڕاستی کردووەتەوە کە لە شارەکانی (سنە، جوانڕۆ، کرماشان، مەریوان، سەقز و بۆکان) 45 هاووڵاتیی کورد گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 300 کەس دەستگیر کراون.
جیا لەوەی کە بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکا و ناوەندەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ، ئیدانەی هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرانبەر بە خۆپیشاندەرانیان کردووە، بەڵام دیسان خەڵک ڕاستەوخۆ دەدرێتە بەر دەستڕێژ.
لە شەڕ و پێکدادانەکان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرتاسەری ئیران تا ئێستا 100 بانکی حکوومی سوتێندراون و دەیان بنکەی ئەمنی و ئۆتۆمبێلی سەربازیی هێزە ئەمنییەکان ئاگریان تێبەر دراوە و زیان و خەسارێکی زۆر بەر بینا حکوومییەکان و ڕێگەبان گەیشتووە.
باسنيوز
