بارەگایەکی پەکەکە لە خانەسۆری شنگال بۆردومان کرا
خدر دیرۆ، هاووڵاتییەکی دانیشتووی خانەسۆر کە ماڵی براکەی کراوەتە ئامانج، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ ماڵی براکەی کە ئەندازیاری کشتوکاڵییە بە ناوی ئەلیاس، لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە بۆردومان کراوە.
ڕوونیشی کردەوە کە براکەی لە بەشی پلاندانانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سنوونێ کار دەکات، بەڵام براکەی ماڵەکەی چۆڵ کردووە.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، چەکدارانی سەر بە یەکینەکانی پاراستنی شنگال (یەپەشە) کە هەر چەکدارانی پەکەکەن و لە شنگال بە ناوی یەپەشەوە دەجووڵێنەوە، خانووەکەیان وەک بارەگا بەکار هێناوە، دواتر بۆردومان کراون.
لەمبارەیەوە قاسم شەشۆ، فەرماندەی پێشمەرگە لە شنگال ڕاگەیاند: "فڕۆکەکانی تورکیا بنکەیەکی (یەپەشە)ی سەر بە پەکەکەیان لە سنووری خانەسۆری سەر بە شنگال بۆردومان کردووە و بەپێی زانیارییەکان، لە ئەنجامدا کوژراو و بریندار هەیە".
ئاماژەی بەوەش دا: "ئامبۆلانس و هێزی فریاکەوتن ڕەوانەی شوێنەکە کراوە و ڕێگە نادرێت کەس نزیکی شوێنە بۆردومانکراوەکە بکەوێتەوە، هەتا ئێستاش وردەکاری لەبارەی ئەو بۆردومانە دیار نییە".
لەلایەکی دیکەوە میدیای پەکەکە بڵاوی کردەوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە کاتژمێر ١٠:٥٠ دەقە، خانەسۆریان بۆردومان کردووە و تاوەکوو ئێستاش زیانەکان نادیارن.
پێشتریش لە ٤ی ١١ی ٢٠١٩ فڕۆکەکانی تورکیا هێرشێکیان کردبووە سەر بارەگاکانی پەکەکە لە شنگال و لە ئەنجامدا ٣ چەکداری پەکەکە بریندار ببوون. ڕۆژی ٥ی ئەم مانگەش جارێکی دیکە بارەگایەکی پەکەکەیان لە گوندی (بارێ) لە سنووری شنگال بۆردومان کرد.
لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە، بەشێکی بەرچاو لە ناوچەکانی سنووری شنگال بە خانەسۆریشەوە، لەژێر دەسەڵاتی پەکەکە و هێزەکانی سەر بە حەشدی شەعبین و بەردەوامیش ناوچەکەیان لەژێر هەڕەشەی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا دایە.
باسنیوز
