برایەکی ئامانج بابەتی: نامانەوێ دۆسیەکەی ئامانج و هاوسەر و منداڵەکەی دابخرێت
ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی ١١ی ٢٠١٩، ئاسۆ محهمهد نوورى، براى ئامانج بابانى ڕايگهیاند، تاكوو ئێستا هیچ ئامادهكارییەكیان بۆ مەراسیمی چلهى ماتهمینیی ئامانج بابانى و هاوسهر و منداڵهكهى نهكردوو.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە بەرپرسانی ئەو کەناڵەوە کە ئامانج بابانی کاری تێدا دەکرد، بیستوویانە کە کەناڵەکە مەراسیمێک بۆ چلەی ماتەمینیی براکەی ڕێک دەخات، ئەوانیش بە ئەرکی کەناڵەکەی دەزانن چونکە براکەیان ماوەیەکی زۆر لەگەڵ ئەو کەناڵەدا کاری کردووە، بەڵام “ئەگەر NRT مەراسیمەکە نەکات، دەسەڵاتی ئێمەی تێدا نابێت”.
براکەی ئامانج بابانی جەختی کردەوە کە ئەوان بەردەوام بەدواداچوون بۆ کەیسی براکەی دەکەن.
ئەوەشی رەت کردەوە کە ئەوان وەکوو بنەماڵەی ئامانج بابانی، دەستبەرداری کەیسەکە ببن و گوتی: “تەنانەت ناشمانەوێت دۆسیەکە دابخرێت”.
هەفتەی رابردوو هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە کە میدیاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی، تۆمارەکەیان بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر لەبارەی خۆکوژیی ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەکەی وەسف کرد. بەڵام هەرزوو محەمەد نووری، باوکی ئامانج بابانی، گرتە ڤیدیۆییەکەی وا لێکدایەوە کە “ھیچ شتێکی نوێی تێدا نییە، تەنھا ئەوە نەبێت کە چەند ئۆتۆمبێلێکی جۆراوجۆر بە شەقامەکاندا دەڕۆن و دواتر فلیمەکە تەواو دەبێت، ھەروەھا ھێزەکانی پۆلیس بۆ خۆشیان باش دەزانن کە ئەو گرتە ڤیدۆییە ھیچ شتێکی تێدا نییە، ئیتر نازانم بۆچی بڵاو کراوەتەوە“.
جەختیشی کردەوە کە ئەوان گرتە ڤیدیۆییەکە بە گرنگ نازانن و ”لەسەر ڕووداوەکە بەڵگە و سەرەداومان لە دەزگا ئەمنییەکان دەوێت“.
ئێوارەی ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، لە کاتێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە گەرمی گفتوگۆ لەبارەی تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەئارادابوو، لە کەناڵی (ئێن ئاڕ تی)یەوە کە ئامانج بابانی کاری تێدا دەکرد، هەواڵی تیرۆرکردنی ئامانج و لانەی هاوسەری و منداڵەکەیان بڵاو کرایەوە. دواتر پۆلیس ڕووداوەکەی بە خۆکوژی وەسف کرد.
وێڕای هەوڵێکی زۆری پۆلیس بۆ بەخۆکوژی وەسفکردنی ڕووداوەکە، ئێستا بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باوەڕیان بەم زانیارییانەی پۆلیس کردووە، بەشە زۆرەکەشیان تەنانەت پاش بڵاوکردنەوەی ئەم تۆمارە ڤیدیۆییەش، هێشتا گومانێکی گەورەیان هەیە لەوەی کە ئەو خانەوادەیە لە لایەن کەسانێکەوە کوژرابن.
باسنيوز
