فەرمانگەی پاسپۆرتی سۆران بە فەرمی کرایەوە

فەرمانگەی پاسپۆرتی سۆران بە فەرمی کرایەوە
ڕێبەر ئەحمەد: یەکێکە لە دەسکەوتەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم

ئەمڕۆ دووشەممە لە شاری سۆران و بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێم و پاریزگای هەولێر و قایقمقامی ڕواندز، بە فەرمانگەی پاسپۆرتی سۆران کرایەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 2019.11.18 ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ فرسەت سۆفی پاریزگاری هەولێر لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە شاری سۆران ئاشکرای کرد: "ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی هەموو لایەنە پیەوەندیدارەکان و نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی عێراق، نووسینگەی پاسپۆرتی سۆران دەکەینەوە و ئەمەش کارئاسانییە بۆ هاووڵاتییانی سنوورەکانی مێرگەسۆر، ڕواندز، چۆمان و قەزای ناوەندیی سۆران و سوود لە خزمەتگوزارییەکانی ئەم نووسینگەیە وەردەگرن".

ئاماژەی بەوەش کرد: "لر کردنەوەی ئەم نووسینگەیەدا خەڵکێکی زۆر هەوڵیان داوە و ماندوو بوون و هەماهەنگییەکی زۆر باش لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەبووە و تیمێک لەمبارەوە هاوکار بوون و ئەمەش نۆبەرەی کردنەوەی نووسینگەی پاسپۆرتە لە کابینەی نوێی حکوومەتدا و بێگومان لە سێ ناوچەی دیکەش لەژێر چاودێریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە و پێویستە خزمەتگوزارییەکان بەپەلە پێشکەش بە هاووڵاتییان بکرێت و ئەمڕۆ ئەم نووسینگەیە دەکرێتەوە و هیوادارین سوودی لێ ببیرنێت و هاووڵاتییان هاوکار بن لەمبارەوە".

هاوکات وەزیری ناوخۆ بە پەنجەی خۆی وەک دەسپێکی کار دوو نموونە پاسپۆرتی مۆر کرد کەلە نووسینگەی پاسپۆرتی سۆران چاپ کرابوون و پێشکەشی خاوەن پاسپۆرتەکانی کرد.

لەمبارەوە فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر گوتی: "کردنەوەی فەرمانگەی پاسپۆرتی سۆران یەکێکە لە دەسکەوتەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سنووری قەزاکانی چۆمان، ڕواندز، مێرگەسۆر و سۆران و زۆر سوپاس بۆ وەزیری ناوخۆ و پەرلەمانتاراەکان لە بەغدا و هەموو لایەنەکان کە ئێمە ئەم ڕۆژە بە شانازییەوە ببینین و ئەمەش بارسووکییەکی ئێجگار زۆر بۆ هاووڵاتیانی ئەم دەڤەرە دروست دەکات لە بواری دەرهێنانی پاسپۆرتدا و ئیدی ناچار نابن ڕێگەی هەولیر بگرنە بەر".












باسنيوز
Top