مەکتەبی سیاسیی پارتی پروپاگەندەیەک لەبارەی پێشمەرگە و خۆپیشاندانەکانی عێراق بەدرۆ دەخاتەوە

 مەکتەبی سیاسیی پارتی پروپاگەندەیەک لەبارەی پێشمەرگە و خۆپیشاندانەکانی عێراق بەدرۆ دەخاتەوە
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پروپاگەندەیەکی لەبارەی تێوەگلاندنی پێشمەرگە لە ڕووداوەکانی عێراق ڕەت کردەوە و جەختی کردەوە کە پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق.

بەپێی ڕوونکردنەوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، ”خەڵکێکی سەرلێشێواو و تێکدەر پروپاگەندەی ژەھراوی بڵاو دەکەنەوە بۆ لەباربردن و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و مەترسی بۆ سەلامەتیی نیشتمان، لە رێگەی تێکەڵکردنی ناوی پێشمەرگە لە بەرپرسیارێتیی ئەو رووداوانەی لە خۆپیشندانەکان ڕوویان داوە“.

جەختیش کراوەتەوە کە پێشمەرگە بە مێژووی دوور و درێژی نیشتمانیی خۆی، قەڵغان بووە بۆ ھەموو عێراقییەکان و ھەموویانی پاراستووە و قوربانی و وەفاداری پێشکەش کردووە بە شەھیدە سەربەرزەکانی بۆ ئەوەی گەلی عێراق بە ھەموو پێکھاتەکانی لە پێشەنگی گەلانی ئازادیخواز و پێشکەوتنخواز بێت.



ئەمەش دەقەکەیەتی:



روونکردنەوەیەک لە مەکتەب سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان



بەشێک لە رۆڵەکانی گەلی عێراق مافێک پەیڕەو دەکەن کە دەستوور فەراھەمی کردووە بە خۆپیشاندان و داواکردنی مافەکانیان لە چوارچێوەی ناسنامەی ھاووڵاتی بوون بۆ باشترکردنی ھەلومەرجی ئێستای عێراق.



ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان رێزو پێزانینمان ھەیە بۆ ھەموو ھەوڵ و کۆششی جەماوەری ئاشتیخوازانەی ھەموو چین و توێژەکان کە لە گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان کۆبوونەتەوە، بە پێویستمان زانی سەرنجی خوشک و براکانمان کە خاوەن مافی دەستورین رابکێشین بۆ ئاگادار بوون لە خەڵکی سەرلێشێواو تێکدەر کە پروپاگەندەی ژەھراوی بڵاو دەکەنەوە بۆ لەباربردن و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و مەترسی بۆ سەلامەتی نیشتمان، لە رێگەی تێکەڵکردنی ناوی برا پێشمەرگەکانتان لە بەرپرسیارێتی لەسەر ئەو روداوانەی لە خۆپیشندانەکان روویانداوە.



پێشمەرگە بە مێژووی دوورو درێژی نیشتمانی خۆی قەڵغان بووە بۆ ھەموو عێراقییەکان و ھەموویانی پاراستووە و قوربانی و وەفاداری پێشکەش کردووە بە شەھیدە سەربەرزەکانی بۆ ئەوەی گەلی عێراق بە ھەموو پێکھاتەکانی لە پێشەنگی گەلانی ئازادیخواز و پێشکەوتنخواز بێت، ھێزی پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراق و برای ئێوەن، پێشمەرگە زۆر لەوە دوورترە کە ناوی لەکەدار بکرێت یان رێبازەکەی لەکەدار بکرێت بە پێچەوانەی ویژدان و خواستی نیشتمان.



بۆیە دوژمنانی یەکریزی نیشتمانی ھەوڵی بەخشینی تۆمەتە درۆینەکانیان ئەدەن بە ئامانجی بەلارێدابردنی رێڕەوی روداوەکان بۆ خزمەتی بەرژەوەندێ گوماناوییەکانیان، پەیمان دەدەین کە گەلەکەمان و ھێزەکانی لە ئامادەباشیدان بۆ ھەموو ئەوانەی کە ھەوڵی تێکدانی یەکریزی نیشتمانی ئەدەن.





مەکتەبی سیاسی

پارتی دیموکراتی کوردستان

٢٠١٩/١١/١٨




باسنيوز
Top