قایمقامی سەپێندراوی خورماتوو ماوەی 20 رۆژە هەڵهاتووە و ئەنجومەنی قەزاكەش هەڵوەشاوەتەوە

قایمقامی سەپێندراوی خورماتوو ماوەی 20 رۆژە هەڵهاتووە و ئەنجومەنی قەزاكەش هەڵوەشاوەتەوە
قایمقامی سەپێندراوی خورماتوو، ماوەی 20 ڕۆژە هەڵهاتووە، هەروەها ئەنجومەنی قەزاكەش هەڵوەشاوەتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 17/11/2019، عیماد جەمیل، سكرتێری قایمقامی سەپێندراوی خورماتوو، ڕایگەیاند: "قایمقامی خورماتوو بە شێوەیەكی فەرمی بۆ ماوەی 15 رۆژ مۆڵەتی وەرگرتووە و لە شوێنەكەی تالیب محەمەد بەڕێوەبەری ناحیەی سلێمان بەگ دانراوە بۆ ڕاییكردنی كارەكانی قایمقامییەت".

ئێستاش بەپێی گوتەی سكرتێری قایمقامی خورماتوو بێت، ماوەی مۆڵەتەكەی قایمقام تەواو بووە و دەبوو دەوامی ئاسایی خۆی بكردایە، بەڵام تاوەكوو ئێستا دەوامی نەكردووە.

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە خورماتوو كە نەیویست ناوی بهێنین، ڕایگەیاند: "20 رۆژە حەسەن زەینئەلعابدین، قایمقامی سەپێندراوی خورماتوو كە سەر بە میلیشیاكانی حەشدی توركمانییە، بەهۆی ئەوەی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە لەسەر گەندەڵییەكانی، بۆیە بۆ شوێنی نادیار هەڵهاتووە، چونكە چەند جارێك هێزێكی ئەمنی لە پارێزگای سەڵاحەدینەوە هاتوون بۆ خورماتوو بۆ دەستگیركردنی، بەڵام ناوبراو لە شوێنی كارەكەی و لە ماڵەكەشیدا نەبووە".

باڵەخانەی هەردوو قایمقامیەت و ئەنجومەنی قەزای خورماتوو لە تەنیشت یەكەوەن، لەبارەی دەوامنەكردنی ئەندامانی ئەنجومەنەوە، عیماد جەمیل، گوتی دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاكانی لە عێراق دا، ئێستا ئەنجومەنی قەزای خورماتووش دەوام ناكەن.

بەپێی زانیارییەكان لەم رۆژانەی رابردووشدا بەڕێوەبەری شارەوانیی خورماتوو بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەست دا و تاكوو ئێستاش كەس لە شوێنەكەی دانەنراوە و كار و مامەڵەی هاووڵاتییانی شارەكە تا ئەندازەیەكی زۆر پەكی كەوتووە.









باسنیوز
Top