ئاماری کوژراو و برینداری خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرز دەبێتەوە
خۆپیشاندان و ناڕەزایی جەماوەریی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە دوو ڕۆژە لەبەر گرانبوونی بەهای بەنزین سەری هەڵداوە، بەشێکی زۆر لە شارە گەورەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە و ئەو خۆپیشاندانە لە نیوەڕۆی دوێنێوە لە شارەکانی کرماشان، جوانڕۆ، سنە، مەریوان زۆر فراوان بووە قوربانیان لێ کەوتەوە و هێزە ئەمنییەکان ڕاستەوخۆ دەستڕێژیان لە خۆپیشاندەران کردووە و ڕێژەی قوربانیانی هەرکام لەو شارانە بەم چەشنەیە:
جوانڕۆ 14 کوژراو و 52 بریندار
کرماشان 5 کوژراو و 20 بریندار
سنە یەک کوژراو و 25 بریندار
مەریوان 6 کوژراو و 50 بریندار
بەپێی زانیاریی میدیا فەرمییەکان ئێران، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی ئەو وڵاتە ئاشکرای کردووە لەبەر ڕەوشی ئەمنی ئینتەرنێتیان پچڕاندووە و تەنانەت چەند ماڵپەڕیکی فەرمیی حکوومەتیش ناکرێنەوە و داخراون.
بەپێی زانیارییەکان لەبەر پچڕانی ئەنتەرنێت، لە شەوی رابردووەوە زانیاری و وردەکاری لەبارەی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵات بڵاو نەکراوەتەوە و ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤیش ئاشکرای دەکەن بێگومان ژمارەی کوژراو و بریندارەکان لەوەی بڵاو کراوەتەوە زیاترە.
ئەمڕۆ یەکشەممە خۆپیشاندانەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تاران و تەورێز و چەند شارێکی دیکەش درێژەیان هەیە.
لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێ کە توندوتیژی و پێداهەڵپرژانی خەڵک و هێزە ئەمنییەکانی لێ کەوتەوە لە چەندین شاری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بانک و ناوەندە ئەمنییەکان و ئۆتۆمبێلی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان سووتێندران.
باسنيوز
