هاتووچۆی کوردستان: لە دووساڵ و نۆ مانگدا هەزار و 772 كەس گیانیان لەدەستداوە
عەمید ئەسعەد مەلاکەریم، گوتەبێژی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان راگەیاند، لەماوەی دوو ساڵ و نۆ مانگدا 11 هەزار و 921 رووداوی هاتووچۆ لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا روویانداوە. لەو 18 هەزار و 634 کەسەی قوربانی رووداوەکانی هاتووچۆبوون، هەزار و 772 كەس گیانیان لەدەستداوە و 16 هەزار و 862 کەسیش برینداربوون.
هەرچەندە لە ئامارەکاندا ژمارەی ئەوکەسانەی کەمئەندامبوون بەڕوونی جیا نەکراونەتەوە، بەڵام ژمارەی ئەوانەی بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە تووشی لەدەستدانی بەشێکی جەستەیان دەبن هەن.
هۆكارەكانی هاتووچۆ لە جیهاندا هەشتەم هۆكاری مردنە، لە هەرێمی كوردستان رووداوی هاتووچۆ بووەتە یەکێک لەو هۆکارانەی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی بەهۆیەوە گیان لەدەست دەدن، کە ئەمەش بۆ چەندین هۆكار دەگەڕێتەوە.
گوتەبێژی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان چەند ئامارێک لەبارەی گیانلەدەستدان بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە باس دەکات:
- لە نۆ مانگی رابردوودا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 328 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، لە ئەنجامدا 655 كەس گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار و 844 کەسیش برینداربوون.
- لە ساڵی 2017 دا چوار هەزار و 385 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، 690 كەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت هەزار و 16 کەسیش برینداربوون.
- لە ساڵی 2018 دا چوار هەزار و 208 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، 655 كەس گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار و 844 کەس برینداربوون.
دەربارەی هۆکاری رووداوەکانیش ئەسعەد مەلاکەریم، گوتی: "63%ی رووداوەکان بەهۆی خێرایی ئۆتۆمبێلەکانەوە بووە، 33%یان بەهۆی کەمتەرخەمی و سەرقاڵبوونی شوفێران بە بابەتی لاوەکی و 4%ی رووداوەکانیش بەهۆی مەرجی تووندوتۆڵی ئۆتۆمبێل و خراپی رێگەوبانەکانەوە بووە".
لە هەرێمی کوردستاندا بەگشتی ملیۆنێک و 711 هەزار و558 ئۆتۆمبێل هەن، تەنیا لەماوەی 9 مانگی ئەمساڵدا، 121 هەزار و 947 ئۆتۆمبێلی نوێ تۆمارکراون.
رۆژی 17ی تشرینی دووەم / نۆڤەمبەری هەموو ساڵێک کراوە بە رۆژی جیهانی بیرهێنانەوەی قوربانیانی رووداوەکانی هاتووچۆ، لە ساڵی 2008یشەوە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتان ساڵانە ئەو یادە دەکەنەوە.
