لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 13 کەس کوژراون
تەنیا ئەمڕۆ (شەممە 16-11-2019) لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەشت خۆپیشاندەر کوژران و لە شیراز و کەرەجیش بنکەی پۆلیس سووتێندراون.
لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی جوانڕۆ سێ کەس کوژراون و نزیکەی 15 کەسی دیکەش برینداربوون، بەڵام ئامارەکان فەرمی نین.
ئەو رۆژنامەڤانە دەڵێت، بەهۆی گرانبوونی نرخی بەنزین هێڵەکانی گواستنەوە پەکیان دەکەوێت و زەرەرێکی زۆر بەر خەڵک دەکەوێت.
خۆپیشاندان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی ئێران بەردەوامە، ئەمەش لەبەرئەوەی حکومەتی ئەو وڵاتە نرخی یەک لیتر بەنزینی لە هەزار تمەنەوە کردووە بە سێ هەزار تمەن.
ئەمڕۆ خەڵکی مەریوان رژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزاییان دژی گرانکردنی نرخی بەنزین دەربڕی، جگە لە گرانبوونی نرخی بەنزین خەڵک داواکاری دیکەشی لە حکومەتی ئێران هەیە.
شۆفێرێکی تاکسی ئاماژە بە هۆکارەکان دەکات و دەڵێت، 65%ی خەڵکی ئێران خەریکە دەمرن لە برسان، بۆچی خەڵک بمرێت لە برسان، ئێمە جگە لە کێشەی بەنزین کێشەی دیکەمان زۆرە و حکومەت ناتوانێت بۆمان چارەسەر بکات.
خۆپیشاندەران لە زۆر شوێن رووبەڕووی تووندووتیژی بوونەوە. لە سنە هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ و هۆکاری دیکە هەوڵیاندا بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکەن. بەگوتەی شایەتحاڵان هێزە ئەمنییەکان بە باتۆم لە زۆر کەسیاندا، زۆر کەس برینداربوون و کەسانێکیش دەستبەسەرکراون.
لە ورمێ خەڵک داوا لە پۆلیس دەکەن پشتگیریان بکات، بەڵام هێزە ئەمنییەکان تەحەمولی ناڕەزایەتی ئارامی خەڵکیان نەکرد. تێکهەڵچوون روویدا و چەند خۆپیشاندەرێک برینداربوون.
جێگری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای ورمێ گوتی "قسەکان و داواکانتان گەیشتووە و رێزی لێدەگرین، وەک ئاگاداریشن ئێستا لە پەرلەمان ئەو بابەتە تاوتوێدەکرێت پڕۆژەیاسایەکی دوو فەوریەتییان پێشکەشکردووە، ئەمن تکاتان لێدەکەم گەورەیی بکەن بڵاوەی بکەن، چونکەی هێدی هێدی منداڵەکان لە قوتابخانە دەگەڕێنەوە هەندێک خێزانیش خوا نەکات نەخۆشیان هەیە، بەڵام ئەگەر کەسێکیش کارێک بکات و رێگە لە هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکان بگرێت، بەدڵنیایەوە لایەنە ئەمنییەکان بەرەنگاری دەبنەوە، من دووبارە تکادەکەم هەمووتان هاوکاربن تاوەکو بتوانین دۆخەکە کۆنترۆڵبکەین و کێشەیەکی گەورە روونەدات".
ئەمڕۆ لە بەشی زۆری شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزایەتی بە گرانبوونی نرخی بەنزین هەبوو. لە ورمێ تاوەکو کرماشان و شارەکانی دیکەش.
داواکاری گشتی ئێران: خۆپیشاندەران ئاژاوەگێڕن
داواکاری گشتیی ئێران دەڵێت، خۆپیشاندەران ئاژاوەگێڕن، چاوپۆشییان لێناکەین و ئەوەی دەیکەن تاوانکارییە و ئێمەش بەتووندی رووبەڕوویان دەبینەوە.
محەممەد مونتەزری، داواکاری گشتیی ئێران رایگەیاند "سەرچاوەی ئاژاوەگێڕەکان لە دەرەوەی وڵاتە، بە بیانووی گرانی بەنزین دەیانەوێ وڵات بشێوێنن. هەر هەوڵێک ببێتە هۆی ئاژاوە، بەپێی یاسا، تاوانە و دەزگای داد بەرەنگاری ئەوانە دەبێتەوە کە ئاژاوەگێڕن".
هەر ئەمڕۆ حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران و سەرۆکی دەزگای داد و پەرلەمان لەبارەی ئەو خۆپیشاندانانەوە کۆبوونەوە و رەتیانکردەوە نرخی بەنزین هەرزانبکەنەوە.
