دهۆک پاڵێوراوە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی جیهانیی شاری ئاشتی
ماوەی سێ رۆژە کۆنگرەی هاوبەندی بوونیادنانی تواناکانی حکومەتە خۆجیێیەکان لە باشووری ئەفریقیان دەستیپێکردووە، کە چەندین وڵات تێیدا بەشدارن، پارێزگای دهۆکیش لەنێو 35 شاری بەربژێکراودایە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی جیهانیی شاری ئاشتی.
فەهیم عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک راگەیاند: "بەپێی ئەو پێوەرانەی بۆ خەڵاتەکە دیاریکراون، شاری دهۆک لەماوەی رابردوودا شاری پێكەوەژیان بووە. توانیویەتی بە سەتان هەزار ئاوارە و پەنابەر لە پێكهاتە و نەتەوەکان لە سنووری پارێزگاکەدا جێبکاتەوە و بیانپارێزرێت و خزمەتیان بکات. پێشبڕکێیەکەش لە قۆناخی کۆتایی دایە و چانسی بەدەستهێنانی ئەو نازناوە بۆ دهۆک زۆر نزیکە".
پێشبڕکێی خەڵاتی جیهانیی شاری ئاشتی، لەلایەن رێکخراوی شارەوانییە حكومییەکانی هۆڵەنداوە بۆ زیاتر لە 35 شاری بەربژێری جیهان رێکخراوە، پرۆسەکەش لە باشووری ئەفریقیا بەڕێوەدەچێت.
