مەسرور بارزانی: پێویستە هەموو رۆژێکمان رۆژی بەیەکەوەژیان و لێبوردەیی بێت
ئەمڕۆ شەممە 2019/11/16، لە رۆژی جیهانیی لێبوردەییدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی پێکهاتە ئاینییەکانی هەرێمی کوردستان کرد، کە شاندەکە لە نوێنەری ئایینەکانی ئیسلام، مەسیحی، ئێزیدی، کاکەیی، زەردەشتی، سابيئەی مەندایی و بەهائی پێکهاتبوون، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی بەیەکەوەژیانی ئاینی و لێبوردەیی لە هەرێمی کوردستان کرا.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە ئایینەکان تەواوکەری یەکترن و ئامانجیان رێنیشاندانی مرۆڤە بۆ رێگەی راست، گوتیشی:" یەکێک لە رووە گەشەکانی ئەزموونی هەرێمی کوردستان کە هەمیشە مایەی شانازی ئێمە و ستایشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، ئەو بەیەکەوەژیان وتەباییەیە کە لە نێوان پێکهاتە ئاینییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختیشی لەوە کردەوە کە کوردستان نیشتمان و ماڵی هەموومانە و پێویستە هەموومان کار لەسەر گەشەپێدانی هزری میانەڕەوی و بەیەکەوەژیان لە هەرێمی کورستان بکەین و هەموو رۆژێکمان رۆژی بەیەکەوەژیان و لێبوردەیی بێت.
لە ساڵی 1995ەوە، رێکخراوی یۆنێسکۆ، رۆژی شازدەی نۆڤێمبەری وەک رۆژی لێبوردەیی راگەیاندووە.
باسنيوز
