خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان قوربانیی لێ کەوتەوە
هاوکات زانیاریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لەوە دەکەن بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکان لە شاری (خوڕەمشەهر)ی سەر بە پارێزگای خووزستان، چوار کەس کوژراون و لە شاری سنە و لەبەردەم زانکۆی ئازاد خۆپیشاندەرێک کوژراوە و شەوی ڕابردووش لە شاری (سیرجان) کەسێک کوژراوە.
تاکوو ئێستا ناوەندەکانی مافی مرۆڤ هەواڵی کوژرانی ئەو خۆپیشاندەرانەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
هاوکات لە شاری بێهبەهان بانکێک سووتێدراوە و لە زۆربەی شارەکان خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەران بە کوژراندەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان لەناو شەقامەکان و سووتاندنی تایە شەقامە سەرەکییەکانیان بەستووە.
هێزە ئەمنییەکان لە شارەکانی (شائاباد، کرماشان، سنە، ورمێ، تاران و تەورێز و ...) بۆ بڵاوپێکردنی خۆپیشاندەران گازی فرمێکسڕێژیان بەکار هێناوە ڕاستەوخۆ تەقە لە خۆپیشاندەران کراوە.
لە چەندین شار لە ڕووبەڕوو بوونەوەی خەڵک و خۆپیشاندەراندا ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان سووتێدراون و لە تاران و پارێزگای گولستان لە باکووری ئیران دوو بانک سووتێدراون و ئاڵۆزییەکان هەتا دێت پەرە دەستێنن.
بەپێی زانیاریی میدیا فەرمییەکان ئێران ئەمڕۆ هەر سێ سەرۆکایەتیی ئێران (سەرۆک کۆماری، پەرلەمان و دەزگای دادوەری) لەگەڵ ناوەندی هاوکاریی ئابوورییەکان کۆ بوونەوتەوە و هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی بەنزین و خۆپیشاندەران تاوتوێ دەکەن.
لە بەیانیی ئەمڕۆ شەممەوە خێرایی ئینتەرنێت لە زۆربەی شارەکان کەم بووەتەوە.
