مستەفا چاوڕەش: سبەی کۆبوونەوەیەک لەبارەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە ئەنجام دەدرێ
کەمێک لەمەوبەر، مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی یەکەی ٧٠ی پێشمەرگە کە هاوکات ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، رای گەیاند، سبەی یەکشەممە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، دووەمین کۆبوونەوە لەبارەی چۆنیەتیی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەڕێوە دەچێت.
ڕوونیشی کردەوە کە هەفتەی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەردوو جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەو وەک فەرماندەی یەکەی ٧٠ی پێشمەرگە، نەجات عەلی، فەرماندەی ٨٠ی پێشمەرگە، نوێنەرانی پارتی و یەکێتی، کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام داوە.
چاوڕەش لە لێدوانەکەیدا بۆ کەناڵی (کوردستان ٢٤) ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە کۆبوونەوەی یەکەمدا گازاندەی خۆیان کردووە. گوتیشی: ”هەوڵدەدەین هێزەکانمان هێزی نیشتمان بێت و هێزی پارتی یان یەکێتی نەبێت، هێزی خەڵک بێت، ئەم یەکخستنەوەیەش بە کۆبوونەوەیەک و دووان کۆتایی نایێ و هەوڵێکی بەردەوامی دەوێت“.
باسنيوز
