وەزیری کشتوکاڵ چەند بڕیارێک لەبارەی ئالیک و پەلەوەرەوە دەردەکات
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند: "لەگەڵ كۆمەڵە و رێكخراو كۆمپانیاكانی تایبەت بە پەلەوەر و ئالیك كۆبووەوە و دەڵێت، "چەند بڕیارێكمان دەركرد لەپێناو بایەخدان بە پیشەسازی پەلەوەر".
دەقی بڕیارەکان
1. دروستكردنی ئەنجوومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەر و كۆبوونەوەی دەوری كە هەر دوومانگ جارێك كۆببێتەوە و لەكاتی پێویستیش كۆبوونەوەكە بكرێت، ئەنجوومەكە لە بەڕێوەبەرە گشتیە پەیوەندارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ، نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ، نوێنەری كۆمەڵە و رێكخراو و ئەنجوومەنی پەلەوەری و كەسانی ئەكادیمی لەخۆ دەگرێت و وەزیر سەرپەرشتی راستەوخۆی ئەنجوومەنەکە دەکات، بەمەستی چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی پیشەسازی پەلەوەر.
2. هەر كۆمپانیایەك بەرهەمی قەدەخەكراو هاوردە بكات دەخرێتە لیستی رەش.
3. لەپێناو بایەخدان بەبەرهەمی ناوخۆیی و كەمكردنەوەی خەرجی لەسەر خاوەن كارگە ئالیكیەكان نوسراوێك ئاراستەی وەزارەتی كارەبا دەكرێت، بۆ ئەوەی نرخی كارەبایان لەسەر كەمبكرێتەوە وەك پرۆژە كشتوكاڵیەكان.
4. بڕیاردرا بەسنورداركردنی هێلكەی تروكان، كە تەنها لەسەر خواست و پێویستی پرۆژەكانی هەڵهێنەر دەبێت.
5. كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بەڕێوەبەری كەرەنتینەكان دەكەین تایبەت بە بڕیارەكانی وەزارەت بۆ رێگری لەو بەرهەمانەی قەدەخەكراون بۆ ناو هەرێم و گرتنەبەری رێكاری یاسایی پێویست.
6. كۆبوونەوەكەیەك لەگەڵ پارێزگاكان دەكەین بۆ رێكخستنەوەی بازاڕی پەلەوەر.
