کاتی ناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە ئاشکرا کرا
عابد ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق رايگەیاند، ئەمرۆ پێنج شەممەش فەرمانی خەرجكردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیان لە بەغداوە بەدەست نەگەیشتووە، بۆیە ”هەفتەی داهاتوو فەرمانەکە دەنێردرێت“.
دڵنیاییشی بە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دا و ئاماژەی بەوە کرد: "پارەی زۆرمان لەبەردەستە و كێشەی پارەمان نییە، تەنها چاوەڕوانی هاتنی فەرمانەکە دەكەین، ئەو كات پارەكە دەدەینە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ تەواوكردنی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان".
جەختیشی کردەوە کە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا حكوومەتی عێراق دەست بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دەكات، لەگەڵیشیدا فەرمانی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیان بۆ دەنێرێت.
مانگانە و بەپێی یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراق، حکوومەتی عێراق بڕە پارەیەک بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت کە بەو پارەیە مووچەی فەرمانبەران و کارمەندی 32 وەزارەت و فەرمانگە و دەستە و توێژ دابەش دەكرێت.
باسنيوز
