حکوومەتی تورکیا دەستی بە وێرانکردنی شاری مێژوویی حەسەن کێفی کوردستان کردووە
ئەم شارە کە خاوەن مێژوویەکی دوانزە هەزار ساڵەیە و زۆربەی سەردەمە مێژووییەکانی ئەم ناوچەیەی لەخۆ بینیوە و دەتوانین بڵێین یەکێکە لە کۆنترین شارە کوردییەکانی کوردستانی گەورە کە لە هەر سەردەمێکدا شوێنەوارێک تێیدا بە جێ ماوەتەوە.
حکوومەتی تورکیا هۆکاری تێکدان و رووخانی ئەم شوێنەوارانەی بۆ دروستکردنی بەنداوی "ئیلی سو" گەڕاندووەتەوە کە ئەم بەنداوەش بەشێکە لە گەورە پرۆژەی "گاپ" کە زۆربەی بەشەکانی ئەم پرۆژەیە لە شارەکانی باکوری کوردستان جێبەجێ دەکرێن.
بەپێی ئەو بەڵگە مێژوویی و شوێنەوارییانەی، کە تا ئێستا دۆزراونەتەوە، بۆمان دەردەکەوێت، کە حەسەن کێف بە مێژووییەکی ١٠ هەزار ساڵەوە، یەکێکە لەو شارانەی، کە بەدرێژایی مێژوو ژیان تێیدا بەردەوام بووە و گۆڕینی سیستەمی دەسەڵاتداری و حوکمڕانی نەیتوانیوە خەڵکی ئەم ناوچەیە لە شارەکەیان دەربکا.
ئەم شارە لە هەزارەی سێیەمی پێش زایین، بەشێک بووە لە شارستانیی خورییەکان، کە ئەوانیش بە باپیرە گەورەی کورد دادەنرێن.
لە ساڵەکانی ١٨٠٠-١٧٥٠پێش زایین، لە دەقە بزمارییەکانی ماری بە (ییلانسورا) ناوی هاتووە، کە شارێکی گەورە لەنزیک رووبارێکی گەورە بووە، کە مەبەستی لە رووباری دیجلەیە.
لە سەردەمی میتانییەکان، واتا ١٥٠٠ساڵ پێش لەدایکبوونی عیسای مەسیح، ئەم شارە یەکێک بووە لە شارە گرنگەکانی ئەو سەردەمە و نزیک بووە لە پایتەختی میتانییەکان، کە شاری (واشکونی) بووە.
لەپاش ئەوەی دەسەڵاتداری ئاشوورییەکان لە ساڵی٦١٢ی پێش زایین لە لایەن پاشای ماد (کیکسار- کەیخۆسرەو) کۆتایی پێ دێت، ئەم شارە گرنگییەکی زیاتری پێ دەدرێت، نموونەی ئەم گرنگی پێدانە لە دروستکردنی چەندین ئەشکەوتی گەورە و گرنگ لەناو دڵی چیاکانی حەسەن کێف دیارە کە ئێستاش هەر وەک خۆیان ماونەتەوە و سیمای شارەکەیان جوانتر کردووە.
لەپاش رووخانی میدییەکان، ئەم شارە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی رۆمانەکان و دەبێتە بەشێک لە جیوگرافیی دەسەڵاتداری رۆمانەکان و لە سەرچاوەکان بە (کیفا) ناوی دەهێنن، لەم سەردەمە شارەکە پێشکەوتن و ئاوەدانیی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، وەک دروستکردنی چەندین پرد لەسەر رووباری دیجلە، کە پاشماوەکانی هەتا ئێستا ماونەتەوە.
لە ساڵی ٣٦٣ زایینی، بەهۆی شەڕی (سامرا) و کوژرانی (جولیان)ی پاشای رۆمانییەکان، ئەم شارە کەوتە ژێر دەستی ساسانییەکان کە ئەویش بەپێی داوای پاشای ساسانی (شاپووری دووەم) بوو بۆ وازهێنانەوەی رۆمانییەکان لە هەندێ لەو ناوچانەی، کە لەژێر دەستیاندا بوون.
باسنيوز
