"سەرەڕای دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هاوپەیمانیی كوردستانی وەك خۆی دەمێنێتەوە"

سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكانی (نەینەوا، كەركووك و دیالە) ڕای دەگەیەنێت، سەرەڕای دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، هاوپەیمانیی كوردستانی وەكوو خۆی دەمێنێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 13/11/2019، عەبدولڕەحمان مستەفا، سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی، ڕایگەیاند: "هاوپەیمانیی کوردستانی دەمێنێتەوە و دەستكاری ناكرێت، چونكە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵكوو تەنیا دوا خراوە بۆ كاتێكی نادیار لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە و كەی بڕیاری ئەو هەڵبژاردنە درایەوە چالاكییەكانمان دەست پێ دەكەینەوە و هیچ گۆڕانكارییەك نابێ".

گوتیشی: "ئێمە وەكوو هاوپەیمانی دەمێنینەوە و بەردەوام دەبین و تاكوو ئێستا ئەو لایەنەنانەی كە هاتوونەتە ناو هاوپەیمانییەكەوە ژمارەیان گەیشتووەتە 32 لایەن".

بڕیار بوو لە 1ی 4ی2020 داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بە كەركووكیشەوە ئەنجام بدرێت، بەڵام دوێنێ سێشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دواخستنی ئەو هەڵبژاردنەی بۆ كاتێكی نادیار دا كە ئەو بڕیارەشی لەژێر فشاری خۆپیشاندەرانی بەغدا و شارەكانی باشووری عێراق داوە كە ماوەیەكە لەدژی گەندەڵی و گۆڕانكاری لە حكوومەتدا دەستی پێكردووە.









باسنیوز
Top