سەرکردەیەکی پەکەکە: هەرگیز داوای کیانێکمان بۆ کورد نەکردووە و ناکەین
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتی (مەسەدە)ی باڵی سیاسیی هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی راگەیاندووە، ئەمڕیکا لە بڕیاری کشانەوە لە رۆژئاوای کوردستان پەشیمان بووەتەوە و ”بە فەرمیش بە ئێمەی راگەیاندووە“.
ئیلهام ئەحمەد هەروەها رایگەیاندووە، لە سەردانێکیدا بۆ ئەمریکا، داوای کردووە ئەو وڵاتە کۆتایی بە هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بهێنێت و سزای بدا و بەشداریی بە مەسەدە بکا لە گفتگوگۆ سیاسییەکان لەبارەی پرۆسەی سیاسی لە سووریا.
هاوسەرۆکی مەسەدە، کە بە سەردانێک لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە، ئاماژەی بە داواکارییەکانیان لە وڵاتانی ئەوروپی کردووە، کە ئەمانەن؛
- کۆتاییهێنان بە هەڕەشەکانی تورکیا
- سزادانی تورکیا
- نەناردنی چەک بۆ تورکیا
- سەپاندنی سزای دارایی بەسەر تورکیا
- ناردنی هێزی نێودەوڵەتی بۆ سنوورەکانی نیوان رۆژئاوای کوردستان و تورکیا
- دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت بە دادگاییکردنی چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش
ئیلهام ئەحمەد رەتی کردووەتەوە خەباتی نەتەوەیی کوردی بکەن و رایگەیاندووە، ”هەرگیز و بە هیچ شێوەیەک داوای دامەزراندنی کیانێکی کوردیمان نەکردووە و نایکەین“.
ئەو سەرکردەیەی پەکەکە ئاماژەی بە هەوڵەکانیان بۆ چەسپاندنی ئیدارەی خۆجێیی رۆژئاوای کوردستان لە دەستووری سووریا وەک ”ئیدارەی خۆجێی نەک ئیدارەی کوردی“ کردووە و رایگەیاندووە، ”ئیدارەکەمان بەشێکە لە سووریا“.
هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.
باسنيوز
