مەسرور بارزانی: پێویستە کۆمەڵگەکەمان لە بەکارهێنەرەوە بکەینە بەرهەمهێنەر
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، جەخت لە سەر گرنگیی رۆلی چاودێریی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەسەر دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سنووری پارێزگاکان کرایەوە. هەروەها ئاماژە بە گرنگیی رۆڵی ئەنجومەنی پارێزگاکان کرا لە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەت، بەتایبەتیش لە جێبەجێکردنی بەرنامەی چاکسازی و بەدامەزراوەییکردن و رێکخستنەوەی داهات و خەرجییەکان بە جۆرێک کە هاوسەنگی لە بەرچاو بگیرێت.
سەرۆکی حکوومەت داوای لە ئەنجومەنی پارێزگاکان کرد کە هاوکاری حکوومەت بن لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتی و بە ئاراستەی نەهێشتنی رووتین و ئاسانکاری لە راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە فەرمانبەرانی حکوومەت لە سەرۆکی حکوومەت و وەزیرەکانەوە تا بچووکترین فەرمانبەر لە دەزگاکانی حکوومەتدا، ئەرکیان خزمەتکردنی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە بەبێ جیاوازی، لە هەمانکاتدا پێویستە مافەکانی فەرمانبەرانیش لەبەرچاو بگیرێت. گوتیشی پێویستە کار بکەین بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکەمان لە بەکارهێنەرەوە بکەینە بەرهەمهێنەر.
باسنيوز
