داوای كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی سەربازی لە كەركووك دەكرێت
كەمال جەباری، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی مەڵبەندی كەركووكی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان ڕايگەیاند: "لایەنە كوردستانییەكانی كەركووك لەگەڵ كۆتایهێنان بە دەسەڵاتی سەربازین لە شاری كەركووك و لەم چەند رۆژەی رابردوودا لایەنەكانی كەركووك كۆبوونەوەیەكیشیان ئەنجام دا و سەرەكیترین خاڵ كە لە كۆبوونەوەكە باس كرا، باسی دۆخی كەركووك كرا و داوا كراوە ئیتر كۆتایی بە دەسەڵاتی سەربازی لە شارەكە بهێندرێت".
گوتیشی: "هاوكات دووپاتی یەكڕیزیی نێو ماڵی کورد و لایەنە سیاسییەكان كرایەوە، بەتایبەتی لە كەركووك، هەروەها داوا لە مەكتەبی سیاسیی حزبەكان كرا كە خەمێك لە دۆخی ئێستای شاری كەركووك بخۆن، چونكە شارەكە حوكمی عەسكەری بەڕێوەی دەبات و حوكمی مەدەنی بەهۆی رووداوەكانی رابردوەوە فەرامۆش كراوە".
لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كەركووكیان بە ڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانتەكار داگیر كرد و لەو كاتەوە حوكمی سەربازی سەپێندراوە بەسەر شارەكەدا.
باسنيوز
