نێچیرڤان بارزانی: نابێت پێشمەرگە هێزی ئەم حزب و ئەو حزب بێت

 نێچیرڤان بارزانی: نابێت پێشمەرگە هێزی ئەم حزب و ئەو حزب بێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رای گەیاند، نابێت هێزی پێشمەرگەی کوردستان هێزی ئەم حزب و ئەو حزب بێت، بەڵکوو دەبێت هێزێکی یەکگرتووی کوردستانییانەی نیزامیی تۆکمە بە دیسپلینی سەردەمییانە بونیاد بنرێت.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ١٢ی ١١ی ٢٠١٩، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی وتارێکیدا کە لە خولی ٢٦ی پێگەیاندن لە ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆ پێشکەشی کرد، ئەکادیمیاکەی بە جێگەی شانازی وەسف کرد و رای گەیاند کە پێشمەرگە پێشمەرگە هێزێکی خاوەن مۆراڵ و ئاشتیخواز و ژیاندۆستە و خولی پێگەیاندنیش پێویستییەکی گرنگە بۆ ئەفسەران.

هاوکات ڕوونی کردەوە کە ئەرکی پێشمەرگایەتی لە ئەرکە هەرە پیرۆزەکانی کوردستانە، ”ئێوە لە هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی دیکە هەمیشە لە ئاستی چاوەڕوانیی گەلەکەتاندا بوون، شکستدان بە داعش گەورەترین بەڵگەیە و بۆ هەمیشە کوردستان شانازیتان پێوە دەکات“.

بە پێویستیشی زانی، پێشمەرگە هێزێکی گۆشکراو بێت لەسەر بنەما مرۆییەکان و ڕێککەوتننامەکانی تایبەت بە جەنگ، ”ناکرێت پێشمەرگە هێزی حزبی و لایەن و گرووپەکان بێت، بەڵکوو دەبێت پێشمەرگە دوور بێت لە ناکۆکی و ململانێی ناوخۆ و بۆ مەرامی سیاسی و کێشە سیاسییەکان، بەهیچ شێوەیەک نابێت هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەکار بێت“.

جەختیشی کردەوە کە دەبێت پێشمەرگە خۆی قەبوڵی نەبێت، پێشمەرگەی حزب و لایەنەکان بێت، بەڵکوو پێشمەرگەی کوردستان و دەستکەوتەکانی ئەم گەلە بێت و هێزێک بێت لە ئاستی ئەو هەڕەشانەدا بێت کە لەسەر کوردستانە.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد: ”پێشمەرگە و خۆبەخشان لە شەڕی داعشدا مەردانە بەرگرییان کرد و قوربانیی گەورەیان دا. ئەم شەڕە بۆ پێشمەرگە هەم ئەزموونێکی نوێ و هەم سەخت بوو، دەرفەتێکیش بوو کە کەموکوڕییەکانمان لە ڕووی سەربازییەوە بەباشی ببینین و وانەیەک بوو کە بزانین چۆن هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتوو لەسەر بنەما سەربازییەکان بونیاد بنێین. لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا هیچ جیاوازییە لەسەر بنەمای حزبی نەکرا، مەترسی و هەڕەشە وەک یەک لەسەر هەموومان و هەموو کوردستان بوو، بۆیە دەبووایە پێشمەرگەش هی هەر لایەنێک بووبێت، بە یەک هێز و یەکگرتوویی لە هەمان سەنگەردا بەرگری بکەن و پێکەوە قوربانی بدەن“.

دووپاتیشی کردەوە، دەبێت هێزێکی یەکگرتووی کوردستانییانەی نیزامیی تۆکمە بە دیسپلینی سەردەمییانە بونیاد بنێین، هێزێک لە یەک ناوەندەوە کۆنتڕۆڵ و سەرکردایەتی بکرێت و ببێتە یەکێک لە سیما دیار و بەهەیبەتەکانی هەرێمی کوردستان . هێزێک بە مەشق و راهێنان و فێربوونی بەردەوام و وەرگرتنی زانستی نوێ، بەهێز و پڕچەک بکرێت. هاوکات ژیان و گوزەرانێکی باشتر بۆ سەرجەم ئەفسەر و کارمەند و ئەندامانی ئەو هێزە نیشتمانییە بڕەخسێندرێت“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە کاتی ئەوەیە بە بەرپرسیارییەوە کەمەکوڕییەکانمان لە بواری سەربازی دەستنیشان بکەین و دوور لە لایەنگری، بە جورئەتەوە بڕیار لە یەکخستنەوە و پێشخستنی پێشمەرگە بدەین و پێکەوە کا بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکان بکەین.

لە کۆتاییشدا سوپاسی هاوپەیمانان و وڵاتانی کرد کە هاوکاریی هەرێمی کوردستانیان کردووە، سڵاو و دروودیشی بۆ شەهیدان نارد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش خواست.






باسنیوز
Top