کۆبوونەوەی لێژنەی هەموارکردنەوەی دەستوور دەستی پێ کرد

کۆبوونەوەی لێژنەی هەموارکردنەوەی دەستوور دەستی پێ کرد
بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کۆبوونەوەی لێژنەی هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق دەستی پێ کرد.

کەمێک لەمەوبەر و بە سەرۆکایەتیی دکتۆر بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کۆبوونەوەی لێژنەی تایبەت بە تاوتوێکردنی هەموارکردنەوەی دەستووری هەمیشەیی ٢٠٠٥ی عێراق دەستی پێ کرد.

ئەم کۆبوونەوەیە بە ئامادەبوونی نوێنەری سەندیکا و سەرۆکایەتیی یەکێتییەکان و مامۆستایانی زانکۆ و پسپۆڕانی بواری یاسا بەڕێوە دەچێت و چاوەڕوان دەکرێت لە ئەنجامیدا سەرۆکی لێژنەکە یەکلا بکرێتەوە و دەستنیشان بکرێت.

پێشتر کورد ٣ ئەندامی لە لێژنەی هەموارکردنەوەی دەستووری عێراقدا هەبوو، بەڵام لە ئەنجامی هەوڵەکانی جێگرە کوردەکەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ژمارەی نوێنەرانی کورد لەو لێژنەیە بۆ ٦ کەس بەرز کرایەوە.

پێشتر سەرۆک بارزانی و هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ڕایانگەیاندووە کە هەموارکردن دەبێت بۆ پێشخستنی دەستووری عێراق بێت و هەر دەستبردنێک بۆ ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد کە لە دەستووردا گەرەنتی کراوە، ڕەت دەکەنەوە.











باسنيوز
Top