گۆڕان: هەر حزبێک پشتیوانی لە پڕۆژەیاسای چاکسازی نەکات لە داهاتوودا باجەکەی دەدات

گۆڕان: هەر حزبێک پشتیوانی لە پڕۆژەیاسای چاکسازی نەکات لە داهاتوودا باجەکەی دەدات


بەرپرسێکی بزووتنەوەی گۆڕان جەختکردنەوەی پڕۆژەیاسای چاکسازی لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە گرنگ دەزانێت. هۆشداریشی دا کە ئەگەر هەر لایەنێک پشتیوانی لە پڕۆژەیاساکە نەکات، لە داهاتوودا باجەکەی دەدات.



سۆز عەبدولقادر، ئەندامی ژووری پەرلەمان و حکوومەت لە بزووتنەوەی گۆڕان، ڕاگەیاند: "بڕیارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەم قۆناغەی ئێستادا کارێکی باشە و پێویستە کاری باشتر بکرێت، چونکە بەڵێنی زیاتر بە خەڵکی دراوە“.



ڕوونیشی کردەوە کە گرنگترین خاڵی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەلای ئەوانەوە پڕۆژەیاسای چاکسازییە و ڕوونی کردەوە کە بەبێ بەیاساییکردنی پڕۆژەکە، پرسی چاکسازی بە ڕووکەشی دەمێنێتەوە.



بەرپرسەکەی گۆڕان باسی لە ڕێککەوتنەکەی حزبەکەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کرد کە لەنێویدا پرسی چاکسازیش بڕیاری لەبارەوە دراوە، بۆیە داوای کرد کە هەموو ئەو حزبانەی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بەشدارن، پشتیوانی لە پڕۆژەیاساکە بکەن. هۆشداریشی دا کە ئەگەر هەر لایەنێک پشتیوانی لە پڕۆژەیاساکە نەکات، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا باجەکەی دەدات.



سۆز عەبدولقادر باسی لە پێداگریی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر پڕۆژەیاساکە کرد و گوتی: ”دەستی مەسرور بارزانی خۆش بێت کە جەخت لە پڕۆژەیاسای چاکسازی دەکاتەوە، ئەو سەرۆکی حکوومەتە و کەسی یەکەمە، بێگومان جەختکردنەوە گرنگە و کارێکی باشە، بەڵام کاتی ئەوەھاتووە پڕۆژەکە بچێتە پەرلەمانەوە و دواتریش جێبەجێ بکرێت“.



هەر لەمبارەیەوە ئەمڕۆ دووشەممە ١١ی ١١ی ٢٠١٩، ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا حکوومەت پڕۆژەیاسای چاکسازی رەوانەی پەرلەمان دەکات.










باسنیوز
Top