وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرا
بڕیارە رۆژی چوارشەممە ١٣ی١١ی٢٠١٩ پەرلەمانی کوردستان کۆ ببێتەوە و یەکێک لە بەرنامەکانی کاری پەرلەمان متمانەدانە بە سەرۆک، جێگر و بڕیاردەر و ئەندامانی لیژنە تازەکان.
چیا حەمید شەریف، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی راگەیاند: "دەبێ تا پێش کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە رۆژی چوارشەممەی ئەم ھەفتەیە ئەنجام بدرێت، فراکسیۆنەکان لەسەر ناوی جێگر و بڕیاردەر و ئەندامانی چوار لیژنەکە تازەکە بگەنە رێککەتن و ناوەکان رادەستی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بکەن".
گوتیشی: "رۆژی چوارشەممە پەرلەمانی کوردستان کۆ دەبێتەوە و یەکێک لە بەرنامەکانی کاری متمانەدانە بە سەرۆک و جێگر و بڕیاردەر و ئەندامی چوار لیژنە تازەکە و ناوی ئەو لیژنانانەی تازەن و بەپێی رێککەوتنی فراکسیۆنەکان، سەرۆکەکانیان یەکلایی کراوەتەوە بریتین لە:
- لیژنەی ناوخۆ سەرۆکەکەی بۆ بزوتنەوەی گۆڕانە
- لیژنەی کاروباری پەرلەمان سەرۆکەکەی بۆ یەکگرووی ئیسلامیی کوردستانە
- لیژنەی وەبەرھێنان سەرۆکەکەی بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە
لیژنەی کاروباری ئافرەتان سەرۆکەکەی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانە
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان کە ھەموار کراوەتەوە، لیژنە ھەمیشەییەکان لە ١٥ لیژنەوە زیادکراون بۆ ١٩ لیژنە.
باسنیوز
